ژمارەی گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا لە ئێران جارێکی دیکە بەرزبووەوە

ژمارەی گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا لە ئێران جارێکی دیکە بەرزبووەوە
ژمارەی گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا لە ئێران جارێکی دیکە بەرزبووەوە. لە 24 کاژێری رابردوودا 235 کەسی دیکە بەهۆی کاریگەرییەکانی تووشبوون بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە و تووشبوونی دوو هەزار و 667 کەسی دیکەش پشتڕاستکرایەوە. 16 کەس لەوانەی گیانیان لەدەستداوە لە رۆژهەڵاتی کوردستان بوون.

لە پارێزگای ورمێ گیانلەدەستدانی 9 تووشبووی دیکەی کۆرۆنا راگەیێندرا. هەروەها رۆژی دووشەممە، 99 تووشبووی دیکەی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکانی ئەو پارێزگایە خەوێندراون، کە 43یان لە شاری ورمێ بوون. 143 تووشبوو ئێستا لە بەشی چاودێریی چڕی نەخۆشخانەکانی پارێزگای ورمێ خەوێندراون.

لە پارێزگای سنەش 5 هاونیشتمانی دیکە بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستدا و 52 کەیسی نوێی تووشبوون لەو پارێزگایە تۆمارکران. ژمارەی تووشبووانی خەوێندراو لە نەخۆشخانەکانی پارێزگای سنە بۆ 169 کەس کەمبووەتەوە و 51یان لە بەشی چاودێریی چڕدان.

لە پارێزگای کرماشان ژمارەی قوربانییان کەمتر بوو لە رۆژانی رابردوو. ئەمڕۆ لەو پارێزگایە گیانلەدەستدانی کەسێک و خەواندنی 61 تووشبووی دیکە لە نەخۆشخانەکان، راگەیێندرا. هەروەها لە دوێنێوە، 79 تووشبووش نەخۆشخانەیان جێهێشتووە. هەروەها لە پارێزگای ئیلامیش گیانلەدەستدانی کەسێک و تووشبوونی 65 کەسی دیکە راگەیێندرا و تاوەکو نیوەڕۆ 97 تووشبوو لە نەخۆشخانەکانی ئەو پارێزگایە مابوون. ئەمڕۆ جارێکی دیکە لە پارێزگای لۆڕستان دۆخی مەترسیدار راگەیێندرا، بەڵام ئامارەکانی بڵاو نەکرانەوە. هەروەها ئیلامیش لە دۆخی سووردایە.













رووداو
Top