ترەمپ: لە کۆتایی ئەمساڵدا ڤاکسینی کۆرۆنا بەردەستدەبێت
ترەمپ ئامۆژگاریشی ئەمریکییەکان دەکات خۆیان لە قەرەباڵغی بەدوربگرن و ماوە کۆمەڵایەتییەکان بپارێزن
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لەمیانی سەردانێکدا بۆ کارگەی دروستکردنی دەمامکی "فۆچی" لە ویلایەتی نۆرس کارۆلینا رایگەیاند، "متمانەی تەواوم بە ئەمریکییەکان هەیە کە دەتوانن کارێکی باش بکەن لە بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنا، بەڵام ئامۆژگاریشیان دەکەم خۆیان لە قەرەباڵغی بەدوربگرن و ماوە کۆمەڵایەتییەکان بپارێزن و لەکاتی پێویست دەمامک ببەستن".
ترەمپ کە لەو سەردانەیدا دەمامکی بەستبو ئاماژەی بەوەشکرد، "بۆ ئەوەی ئابوری وڵات زیاتر ببوژێتەوە پێویستە حاکمی ویلایەتەکان سنورەکانیان بکەنەوە".
لە کۆتایی ئەمساڵدا ڤاکسینی کۆرۆنا بەردەست دەبێت
لەبارەی پەرەپێدانی ڤاکسینی کۆرۆناوە سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، "چەندین هەواڵی باش و ئەرێنیم لەوبارەیەوە بیستوە، لە کۆتایی ئەمساڵدا ڤاکسینی کۆرۆنا بەردەست دەبێت".
دوێنێ دوشەممە، لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا دەستکرا بە ئەنجامدانی کۆتا قۆناغی تاقیکردنەوەی ڤاکسینی دژە کۆرۆنا، کە لەلایەن کۆمپانیای مۆدێرنا (Moderna) و پەیمانگای نیشتیمانی تەندروستی ئەمریکاوە بەرهەمهێنراوە و لەسەر دەیان هەزار خۆبەخش تاقیدەکرێتەوە.
مۆدێرنا، کۆمپانیەیکی ئەمریکییە تایبەت بە دروستکردنی دەرمانی پزیشکی، پێکوتەی ئەو کۆمپانیایە دژی کۆرۆنا لە قۆناغی یەکەمی تاقیکردنەوەیدا لەسەر توشبوانی کۆرۆنا ئەنجامی دڵخۆشکەری هەبو.
خەندان-
