لە چوار رۆژدا زیاتر لە ملیۆنێک تووشبووی کۆرۆنا لە جیهان تۆمارکراون

لە چوار رۆژدا زیاتر لە ملیۆنێک تووشبووی کۆرۆنا لە جیهان تۆمارکراون
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداری دەدات و رایدەگەیێنێت، دۆخی پەتای کۆڤید - 19 گەیشتووەتە قورسترین ئاست و لەماوەی تەنها چوار رۆژی رابردوو، زیاتر لە ملیۆنێک تووشبووی کۆرۆنا لە جیهان دەستنیشانکراون.

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئاماژە بەوەشدەکات، "ئێستا جیهان لە قورسترین باری لەناکاوی تەندروستیدایە"، ئەوەش بەهۆی هەڵکشانی ژمارەی تووشبووانی کۆرۆناوەیە لە چەند وڵاتێک.

ئەو هۆشدارییەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دوای ئەوە دێت، ژمارەی تووشبووان بە کۆرنا لە بەشێک لە وڵاتانی جیهان، وەک: بەریتانیا، ئوسترالیا، ڤێتنام و چەند وڵاتێکی دیکە تۆمارێکی نوێی نیشان داوە و بەرزبووەتەوە.

بەشێک لە وڵاتان لەنێویاندا ئەمریکا هۆشداری دەدەن کە ناتوانن لە داخستنی چالاکییە ئابوورییەکان و سنوورەکان بەردەوام بن، تەندروستیی جیهانیش باس لەوە دەکات، تەنیا داخستنی سنوورەکان بەس نییە و ڤایرۆسەکە لە هەموو شوێنێک بڵاوبووەتەوە. بۆیە ئاسان نییە بۆ وڵاتان بەردەوام بن لە داخستنی سنوورەکانیان، چونکە خەڵک پێویستی بە کارکردنە و بازرگانیش دەبێت دەستپێبکاتەوە.

مایک رایان، بەڕێوەبەری پرۆگرامی باری تەندروستیی لەناکاو لە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ئاماژە بەوە دەکات، دەبێت بیر لە چۆنییەتی کردنەوەی ئەو شوێنانە بکرێتەوە، "باوەڕم وایە بە گرتنەبەری رێکاری تایبەتیی خۆپارێزی، بتوانین مەترسییەکان کەمبکەینەوە".

هەرچەندە قورسە، سات بە سات ئامارەکانی تووشبووانی کۆرۆنا بزاندرێت، بەڵام بەپێی دوایین ئامارەکانی وۆڵد مێتەر کە چاودێریی ئامارەکانی کۆرۆنا دەکات، ژمارەی تووشبووی دەستنیشانکراو 16 ملیۆن و 498 هەزار و 499 کەسن کە 653 هەزار و 457 کەسیان گیانیان لەدەستداوە و 10 ملیۆن و 95 هەزار و 540 کەسیش چاکبوونەتەوە.












رووداو
Top