گوتەبێژی کازمی بیانوو بۆ تەقەکردن لە خۆپیشاندەران دەهێنێتەوە
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بیانوو بۆ تەقەکردن لە خۆپیشاندەرانی گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا، دەهێنێتەوە.
رۆژی یەکشەممە 26-7-2020، هێزە ئەمنی و سەربازییە عێراقییەکان لە گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا تەقەیان لە خۆپیشاندەران کرد و بەهۆیەوە ژمارەیەک خۆپیشاندەر، گیانیان لەدەست دا و بریندار بوون.
ئەمڕۆ دووشەممە 27-7-2020، عەمید یەحیا رەسوڵ، گوتەبێژ بەناوی مستەفا کازمی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ریگەیاندووە، خۆپیشاندەران هێزە ئەمنییەکانیان ئیستیفزاز کردووە.
عەمید یەحیا رەسوڵ هەروەها رایگەیاندووە، کە هێزە ئەمنییەکان ”لەکاتی زۆر پێویست“ و بۆ پاراستنی گیانی خۆیان، تەقە لە خۆپیشاندەران دەکەن.
گوتەبێژی سەربازیی مستەفا کازمی پێیوایە لایەن هەن، نایانەوێ عێراق سەقامگیر بێت، بۆیە هانی خۆپیشاندەرانیان داوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هێزە ئەمنییەکانی وڵاتەکەیان.
خۆپیشاندانەکە درێژەدان بوو بەو خۆپیشاندانانەی لە سەرەتای مانگی 10ـی ساڵی رابردوو لە بەغدا و شارەکانی دیکەی عێراقی دژی نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ژیان وەک ئاوی خواردنەوە و کارەبا، دەستیان پێکرد.
باسنيوز
