تاڵیبان: ئەفغانستان چەکدارە ئازادکراوەکانمان دەستگیردەکاتەوە

تاڵیبان: ئەفغانستان چەکدارە ئازادکراوەکانمان دەستگیردەکاتەوە
بزووتنەوەی تاڵیبان حکومەتی ئەفغانستان بە دەستگیرکردنەوەی ئەو چەکدارانەی پێشووی تۆمەتباردەکات کە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی دانوستاندنی ئاشتی لە ئەفغانستان ئازادکراون.

بزووتنەوەکە دەڵێت "بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی نیشتمانیی ئەفغانستان ژمارەیەکی زۆر چەکداری پێشووی تاڵیبانی دەستگیرکردووەتەوە، ئەمەش دەبێتە رێگر لەبەردەم بەردەوامیی گفتوگۆی ئاشتیی نێوان حکومەت و بزووتنەوەی تاڵیبان"، هەروەها حکومەتی ئەفغانستانیش بە بەرپرسیار دەزانێت لە ئەنجامەکانی ئەو هەڵمەتە نوێیەی دەزگا ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە ئەنجامی دەدات.

بەپێی ئەو رێککەوتنەی بە سەرپەرشتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەنێوان بزووتنەوەی تاڵیبان و حکومەتی ئەفغانستان ئەنجامدراەر، بڕیاربوو حکومەتی ئەفغانستان پێنج هەزار چەکداری زیندانیکراوی بزووتنەوەکە ئازادبکات، تاڵیبانیش لە بەرامبەردا هەزار کەس لەوانە ئازادبکات کە وەکو هاوکارانی حکومەت بە دیل گرتبوونی.

حکومەتی ئەفغانستان دەڵێت، پێنج هەزار زیندانیی تاڵیبان ئازادکراون، بەڵام هەندێک لەوانە چوونەتەوە ناو تاڵیبان؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە بزووتنەوەکە لە هەفتەی رابردوودا ژمارەیەک تووندوتیژیی ئەنجامداوە و بەو هۆیەشەوە 46 کەسی سڤیل کوژراون.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سەبارەت بە دانوستاندنەکانی ئەفغانستان رایگەیاندووە، لە داهاتوویەکی نزیکدا زاڵمای خەلیلزاد، نێردەی ئەمریکا بۆ دانوستاندنەکانی نێوان ئەفغانستان و تاڵیبان، دەچێتە ئەفغانستان و هەوڵەکانی پرۆسەی ئاشتی دەستپێدەکەنەوە.

بەگوێرەی پلانەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، خەلیلزاد سەرەتا دەچێتە قەتەر و لەوێ چاوی بە چەند بەرپرسێکی تاڵیبان دەکەوێت، دوای ئەوەش دەچێتە کابووڵ و ئیسلام ئاباد؛ بڕیاریشە دوای ئەو گەشتە بگاتە ئەوروپا و لەوێ راپۆرتی تایبەت بە دانوستانەکان پێشکێش بە ناتۆ بکات.












رووداو
Top