كڵچدارئۆغڵو بە سەرۆکی جەهەپە هەڵبژێردرایەوە
پارتیی کۆماریی گەل 37ـەمین کۆنگرەی ئاسایی خۆی بە گرتنەبەری رێکارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەنقەرە و بەبێ بەشداریی لایەنگرانی بەست.
ئەکرەم ئیمامۆغڵو، سەرۆکی شارەوانیی ئیستەنبووڵ راگەیاند، "کۆنگرەکەمان لە هەموو تورکیا پیرۆز بێت. ئەو کۆنگرەیە رێڕەوی ئێمەیە بۆ رۆیشتن بەرەو دەسەڵات".
لە کۆنگرەکەدا تەنیا پەرلەمانتار، سەرۆکی شارەوانی و بەڕێوەبەرە ناوەندییەکان و ئەو کادرانەی مافی دەنگدانیان هەبوو بەشداربوون.
لەوەند گۆک، پەرلەمانتاری جەهەپەیە و گوتی ، "ئامانجی سەرەکیی پارتییەکەمان ئەوەیە کە خەڵکەکەمان بگەیەنینە ئارامی. بەبێ جیاوازی بۆ هەموو کەسێک کاردەکەین، نەک تەنیا بۆ ئەو کەسانەی دەنگیان بە جەهەپە داوە. داوای ئاشتی و پێکەوەژیان بۆ هەموو کەسێک دەکەین".
لە شارەکانی تورکیا و باکووری کوردستان هەزار و 300 کادری جەهەپە لە کۆنگرەدا ئامادەبوون. کەمال کڵچدارئۆغڵو لە گوتارەکەیدا داوای ئازادکردنی سەلاحەدین دەمیرتاشی کرد. بەرپرسە ئامادەکانی کۆنگرەیش ئاماژەیان بە چارەسەری پرسی کورد لە چوارچێوەی دەستووری تورکیادا کرد.
ئۆزگور ئۆزەل، یاریدەدەری سەرۆکی فراکسیۆنی جەهەپە دەڵێت، "ئێمە لە هۆڵی کۆنگرەدا خۆمان وەک سۆسیال دیموکرات ناودەبەین، بەڵام بانگەوازی ئێمە هەر بۆ سۆسیال دیموکراتەکان نییە، بۆ دیموکراتانی موسڵمان و نەتەوەپەروەر و کوردانی دیموکراتە".
مستەفا سەزگین تانریکولو، یاریدەدەری سەرۆکی جەهەپە راگەیاند، "لە 10 ساڵی پێشوودا کاری نموونەییمان کردووە. ئێمە دەڵێین کە دەتوانین پرسی کورد لەسەر بنچینەی هاووڵاتیبوون چارەسەر بکەین. ئێمە پرسی کوردانە نەک بە تەگبیری سەرەتایی، بەڵکو بە سیاسەتێکی ئازادانە چارەسەر دەکەین".
لە ئەنجامی کۆنگرەکەدا کەمال کڵچدارئۆغڵو بە 80 دەنگی سەرۆک شارەوانییەکان بووە تاکە بەربژێری سەرۆکایەتیی پارتییەکە و بۆ شەشەم جار وەک سەرۆکی گشتیی جەهەپە هەڵبژێردرا.
رووداو
