بەلجیکا بۆ هاووڵاتیانی: کۆرۆنا نزیکترە لەوەی بیری لێدەکەنەوە
بودوێجین کاتری، گوتەبێژی سەنتەری قەیرانی نیشتمانیی بەلجیکا تکا لە خەڵکی وڵاتەکەی دەکات و دەڵێت "تکایە ئاگاداربن، هەتا ئەگەر لەگەڵ ژمارەیەکی کەمی خەڵکیش بن، چونکە لەوانەیە ئەو ڤایرۆسە زۆر لە تۆ نزیکتربێت کە بیری لێدەکەیتەوە".
بەلجیکا زیاتر لە 65 هەزار تووشبووی کۆرۆنای هەیە، نزیکەی 10 هەزار کەسیش گیانیان لەدەستداوە؛ رۆژانە زیاتر لە 200 تووشبوو بە ڤایرۆسەکە دەستنیشان دەکرێن.
گوتەبێژی سەنتەری قەیرانی نیشتیمانیی بەلجیکا ئاماژە بەوەش دەکات کە "زۆر گرنگە بەیەکەوە ئەو تەوژمەی کۆرۆنا بوەستێنین بەرلەوەی بە شەپۆلێکی دیکە هێرشمان بکاتەسەر".
لە چاوەڕوانیی بەرهەمهێنانی ڤاکسیندا ماسک بووەتە چەکێکی بەهێز بۆ رێگری لە تووشنەبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا.
وڵاتانی ئەوروپی خەریکە یەک بەدوای یەک پۆشینی ماسک لە شوێنە قەرەباڵخەکان دەکەنە ناچاری. لە 20ی مانگ لە فەرەنسا پۆشینی ماسک کرایە ناچاری و لە 24ی مانگیشەوە لە بەریتانیا دەکرێت، نەمساش بڕیاریداوە پۆشینی ماسک بکاتە ناچاری. ئەوان دەیانەوێت بە بەستنی ماسک دوو ئامانج بپێکن، رەوڕەوەی ژیان بەردەوامبێت و ئابووریشیان لە هەرەسهێنان رزگاری ببێت.
رووداو
