خامنەیی: کوژرانی قاسم سولەیمانی فەرامۆش نەکەین و بێگومان هەر زەبری خۆمان لە ئەمریکا دەوەشێنین
ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاماژەی بەوەش دا: "ئێران هەرگیز بەتەمای دەستێوەردان لە عێراق نەبووە، بەڵام هەموو کات داوامان کردووە ئەمریکا لەو وڵاتە دەربکەن، ئێمە هیچ دەستێوەردانێک لە پەیوەندیی نێوان عێراق و ئەمریکا ناکەین، بەڵام داوا لە دۆستانمان دەکەین ئەمریکا بناسن".
ئەم دیدارەی مستەفا کازمی بۆ ئێران، لە کاتێکدایە کەلە چەند مانگی ڕابردوو و لە کاتی هاتنە سەر کاری مستەفا کازمی کە دژایەتیی گرووپ و میلیشیاکانی لایەنگر و سەر بە ئێرانە، ساردیی تێ کەوتبوو.
لە دوو مانگی ڕابردوودا مستەفا کازمی چەندین جار لێدوانی توندی دژ بە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی داوە و فاڵح فەیاز کە سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبییە لەلایەن کازمییەوە لە پۆستی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لادرا و ئەمەش کاردانەوەی زۆری لێ کەوتەوە.
مانگی ڕابردوو ئاژانسی (ئەسیۆشیەیتێد پرێس) بڵاوی کردەوە کە پێگەی سوپای قودس لە عێراق زۆر لاواز بووە و تەنانەت ئیسماعیل قائانی، جێگری قاسم سولەیمانیش ناتوانێ بەبێ ڤیزە سەردانی عێراق بکات.
قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسداران ڕێکەوتی 2020.1.3 لە فڕۆکەخانەی بەغدا لەلایەن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکاوە لەگەڵ ئەبوو مەهدی موهەندس کرایە ئامانج و کوژران.
باسنیوز
