لە كۆبوونەوەكەی لەگەڵ مستەفا كازمی خامنەیی چی لەبارەی ئەمەریكا گوت؟
خامنەیی لە بەردەوامی قسەكانیدا بۆ كازمی دووپاتی كردەوە، "هەندێك لایەن بەرهەڵستیی پەیوەندییەكانی نێوان عێراق و ئێران دەكەن، لە سەرووی هەمووشیانەوە واشنتن، بەڵام پێویست ناكات لێی بترسێین، چونكە ئەمەریكا هیچی پێ ناكرێت".
هەروەها گوتی: ئێران دەستوەردان لە پەیوەندییەكانی نێوان عێراق و ئەمەریكا ناكات، بەڵام هەمیشە توانیویەتی پێشبینی ئاستی دۆستایەتی ئەمەریكای بۆ عێراق بكات و گوتی: "ئێران درك بەوە دەكات، كە بوونی ئەمەریكا لە هەر وڵاتێك دەبێتە سەرچاوەی گەندەڵی و وێرانكاری".
دووپاتیشی كردەوە، "ئێران پێشبینی دەكات حكومەت و گەل و پەرلەمانی عێراق بڕیاری دەركردنی ئەمەریكا لە وڵاتەكەی جێبەجێ دەكەن"، چونكە وەك خۆی گوتی: "بوونی ئەمەریكا لە عێراق مەترسییە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری".
خامنەیی ئاماژەی بەوەشدا: "ئەمەریكا هەوڵ دەدات كۆسپ بخاتە بەردەم عێراق، بەڵام پێویستە حكومەتی عێراق نەكەوێتە ژێر كاریگەری ئەو كۆسپانە و گوێ بە پلانەكانی ئەمەریكا نەدات".
K24
