لە ئۆکراینا چەکدارێک بە نارنجۆکەوە پاسێکی پڕ لە نەفەر بە بارمتە دەگرێت
ئەمڕۆ سێشەممە ئەو کەسە لەناو شاری لوتسک، کە نزیکەی 400 کیلۆمەتر لە کیێڤی پایتەخت دوورە، خۆی چەکدار کردووە و نارنجۆك و هەندێک جۆری دیکەی تەقەمی پێبووە. لەکاتی بە بارمتەگرتنی کەسانی نێو پاسەکە، تەقەی کردووە و نارنجۆکێکیشی هەڵداوەتە دەرەوە، بەڵام هیچ زیانێکی نەبووە.
خەڵکی شارەکە وێنەی ئەو کەسەیان لە سۆشیال میدیا بڵاوکردووەتەوەو دەڵێن کەسێکی دژ بە سیستەمی حوکمڕانییە لە ئۆکراینا.
ئەو پیاوە رۆژی دووشەممە ڤیدیۆیەکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت: "پیرۆزە رۆژی دژەسیستەم، خۆتان گێل مەکەن، راستی بڵێن".
پۆلیس ناوچەکەی چۆڵکردووە و هێزێکی زۆری ئەمنیش بڵاوەیان پێکراوە. پۆلیس دەیەوێت لەگەڵ رفێنەرەکە گفتوگۆ بکات بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکە.
رووداو
