ئێران بەدەستکاریکردنی سندووقی رەشی فڕۆکە ئۆکراینییەکە تۆمەتبار دەکرێت
نووسینگەکە وێنەی ئامێر و سندووقە رەشەکانی فڕۆکە ئۆکراینییەکەی بڵاوکردەوە کە پێشتر لە ئێرانی وەرگرتووە. ئاشکرایکرد سەرکەوتووبووە لە دەرهێنانی زانیارییە تۆمارکراوەکانی ناو سندووقەکان.
پێشتر ئێران رایگەیاندبوو هێزە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە بەهەڵە و پاشئەوەی گومانیانکردووە کە فڕۆکەکە مووشەک بێت، فڕۆکەکەی سەر بە هێڵی ئاسمانیی ئۆکراینا کە لە جۆری بۆینگ 737 بوو، لە هەشتی کانوونی دووەمدا لە ئاسمانی تاران خستە خوارەوە. لە کاتێکدا کە ئەو رۆژانە ناوچەکە هەڵچوونی تووندی نێوان ئەمریکا و ئێرانی بەخۆوە دەبینی، لە پاش کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران لە هێرشێکی ئەمریکادا لە نزیک باڵەفڕخانەی بەغداد.
کەوتنە خوارەوەی فڕۆکە ئۆکراینییەکە بووە هۆی گیانلەدەستدانی 176 سەرنشینی ناوی.
گوتەبێژی لیژنە فەرەنسییەکە گوتی: "دەرهێنانی زانیارییەکانی ناو سندووقە رەشەکان، لە پاش کۆبوونەوەی سەرەتایی لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی و بەرپرسانی دیکەی ناو نووسینگەی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە، لە پاریس دەستیپێکردووە.
روونیکردەوە یەکەمجار گوێ لە تۆماری کابینەی فڕۆکەوانەکانی فڕۆکەکە دەگیرێت لە کاتی گەشتەکەدا. ئاماژەی بەوەدا کە لەوانەیە ئەو پرۆسەیە، لانیکەم تاوەکو پێنجشەممەی داهاتوو بەردەوام بێت.
چاودێرانی رووداوەکانی فڕین لە کەنەدا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، سوێد و بەریتانیا سەرپەرشتی دەرهێنانی زانیارییە تۆمارکراوەکان دەکەن، ئەمە جیا لە نوێنەرانی هێڵی ئاسمانیی ئۆکراینا، بۆینگ و کۆمپانیای سافران کە مەکینەی فڕۆکەکان دروستدەکات.
هاوکات کەسوکاری قوربانیانی رووداوەکە، لە بڵاوکراوەیەکدا دووپاتیانکردەوە، ئێران یاری بە تۆماری نێو سندووقەکان کردووە.
ئەوان دەڵێن: "بۆچی دادوەرێکی ئێرانی بەشداری لە تیمی لێکۆڵینەوەکەدا دەکات؟ لە کاتێکدا ئێمە داوامانکردبوو دادوەرێک نوێنەرایەتی ئێمە بکات لە لیژنەی لێکۆڵینەوەکەدا، بەڵام داواکەمان رەتکرایەوە".
ئەوان دەڵێن ئێران یاری بە تۆماری سندووقەکانەوە کردووە : "ناکۆکی لە لێدوانی بەرپرسە ئێرانییەکان، بەڵگەی دەستکاریکردنی زانیارییە تۆمارکراوەکانە".
لە مانگی حوزەیراندا، ئێران رازیبوو سندووقە رەشەکان رادەستی نووسینگەی فەرەنسی بۆ شیکردنەوەی زانیارییەکان بکات، بەمەش کۆتایی بە تەنگژەیەک هات لە نێوان کەنەدا، ئۆکراینا و فەرەنسا لەبارەی دەستخستنی زانیارییەکانەوە.
زۆرینەی قوربانییانی رووداوەکە یان کەنەدین، یان نیشتەجێی هەمیشەیی کەنەدان، یان بەڕێگاوەبوون بەرەو ئەو وڵاتە.
راپۆرتێکی سەرەتایی رێکخراوی فڕۆکەوانیی سڤیلی ئێران، هەفتەی رابردوو ئاشکرایکرد، هەڵەیەک لە سیستمی رادار و نەبوونی پەیوەندی لە نێوان کارپێکەر و هێزەکانی بەرگریی ئاسمانیی ئێران و سەرکردەکانی ئەو هێزانە، بووەتە هۆکاری رووداوەکە.
فرانسوا شامپین، وەزیری دەرەوەی کەنەدا لە لێدوانی بۆ ئاژانسی رۆیتەرز گوتی، وڵاتەکەی راستگۆیی زۆر لە راپۆرتە فەرمییەکەی ئێراندا نابینێت. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، تائێستا زۆر پرسیاری وەڵامنەدراوەی هەیە لەبارەی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکە "چاوەڕێین و داوای وەڵامدانەوەی ئێران دەکەین".
پێشتر وەزیرە کەنەدییەکە لە توویتەر ئاشکرایکردبوو، سندووقە رەشەکانی فڕۆکە ئۆکراینییەکە گەیشتوونەتە پاریس بۆ دەرهێنانی زانیارییەکانی ناوی. پاشئەوەی سەرەتای ئەم هەفتەیە ئێران ناردنی سندووقە رەشەکانی بۆ فەرەنسا راگەیاند.
رووداو
