ئاژانسێکی ئابووریی رووسیا: ئەمساڵ بەهای زێڕ زیاتر لە 20٪ بەرزدەبێتەوە
نادڵنیاییە ئابوورییەکان کە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا دروستبوون خواستیان لەسەر سەرمایەی دڵنیاییدەری وەک زێڕ و هەندێک لە کانزاکان زیادکردووە. لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا بەهای زێڕ 26٪ بەرزبووەتەوە کە بەرزترین نرخی ئەو کانزا زەردەیە لە ماوەی نزیکەی دەیەیەکدا.
هەرچەندە بە گوێرەی پێشبینییەکی نویێ ئاژانسی ریزبەندیکردنی نیشتمانیی رووسیا (NRA) لە چەند مانگی داهاتوودا بەهۆی ئەوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا هێواشبووەوە، خواست لەسەر زێڕ کەمدەبێتەوە بە شێوەیەک کە لە نیوەی دووەمی ئەمساڵدا گەشەی خواست لەسەر زێڕ لەنێوان 15% بۆ 17٪دا دەبێت بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو و بە تێکڕاش لە ئاستی ساڵانە بە رێژەی 21٪ گەشەدەکات.
بەپێی شرۆڤەکارانی ئاژانسی ریزبەندیکردنی نیشتمانیی رووسیا بەرهەمهێنەرانی زێڕ گەورەترین سوودمەندی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕن و کۆمپانیاکانی بواری بەرهەمهێنانی زێڕ لە ئاستی ساڵانەدا داهاتەکانیان بە رێژەی 30٪ زیاددەکات.
رووسیا دوای چین و ئوسترالیا سێیەم گەورەترین بەرهەمهێنەری زێڕە. پار ئەو وڵاتە 368 تۆن زێڕی بەرهەمهێناوە. بە پێچەوانەی یەکێتیی بەرهەمهێنەرانی زێڕ لە رووسیا کە لە مانگی حوزیران رایگەیاند پێشبیندەکات لەمساڵدا بەرهەمهێنانی زێڕ بەراورد بە ساڵی رابردوو 1٪ بەرزببێتەوە، بەڵام ئاژانسی ریزبەندیکردنی نیشتمانیی رووسیا پێشبینی ناکات بەرهەمهێنانی زێڕ لەمساڵدا بەراورد بە ساڵی 2019 گۆڕانکارییەکی گەورەی هەبێت.
بە گوێرەی ئامارەکانی نووسینگەی گومرگی فیدراڵی و بانکی ناوەندیی رووسیا داهاتی هەناردەی زێڕی رووسیا لە هەردوو مانگی نیسان و ئایار 3.55 ملیار دۆلار بووە و لەو دوو مانگەدا کۆمپانیا کانزاییەکانی رووسیا 65.4 تۆن زێڕیان بە 3.55 ملیار دۆلار فرۆشتووە.
ئامارەکانی نووسینگەی گومرگی فیدراڵیی رووسیا دەریدەخەن کە هەناردەی زێڕ لە رووسیا لەمساڵدا بەراورد بە ساڵی رابردوو 14 هێندە زیادیکردووە. بەرزبوونەوەی هەناردەی زێڕ لە رووسیا پەیوەستە بە بڕیاری بانکی ناوەندیی رووسیا بۆ نەکڕینی زێڕ بۆ ئەوەی کۆمپانیاکان هەناردەی دەرەوەی بکەن و لە رێگەیەوە داهات بۆ وڵات بگەڕێتەوە.
لە ساڵی رابردوودا رووسیا بە بڕی 5.7 ملیار دۆلار زێڕی فرۆشتووە کە نزیکەی تەواوی قەبارەی ئەو کانزا زەردە (93%) لەلایەن بەریتانیا کڕدراوە و بەهاکەی 5.33 ملیار دۆلار بووە. هەروەها 12 وڵاتی دیکە لەنێویاندا کازاخستان و سویسرا بە بڕی 409 ملیۆن دۆلار زێڕیان لە رووسیا کڕیوە.
ئێستا نرخی ئۆنسەیەک زێڕ لە دەوروبەری هەزار و 800 دۆلاردا مامەڵەی پێوەدەکرێت. لە چەند رۆژی رابردووشدا گەیشتە سەرووی هەزار و 820 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک، ئەوەش بەرزترین نرخی زێڕە کە لە ساڵی 2011وە تۆمارکرابێت.
رووداو
