میدیاكانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن بە توندی هێرش دەكەنە سەر داودئۆغلۆ و باباجان

میدیاكانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن بە توندی هێرش دەكەنە سەر داودئۆغلۆ و باباجان
ئەحمەد داودئۆغلۆ سەرۆكی پارتی (ئایندە) و عەلی باباجان سەرۆكی پارتی (دەوا)، لەلایەن میدیاكانی سەر بە ئاكەپە و مەهەپەوە كە دوو پارتی دەسەڵاتن هێرشی توندیان دەكرێتە سەر و لە هەمانكاتدا میدیای سەر بە ئۆپۆزسیۆنیش بە چڕی دژی ئەو دوو سەركردەیە وەستاونەتەوە و بە هاوبەشی هەڵەكانی ئاكەپەیان دادەنێن.

داودئۆغلۆ و باباجان، پێشتر لە پۆستی باڵای حكوومەت بوونە لەسەر لیستی ئاكەپە، بەڵام بەهۆی ناكۆكییان لەگەڵ رەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆكی ئاكەپە و سەركۆماری توركیا، لە ئاكەپە جیا بوونەوە و هەریەكە و بە جیا پارتێكی تازەیان دامەزراند.

ماوەیەكە لەلایەن میدیاكانی سەر بە ئاكەپە و مەهەپەوە بە توندی هێرش دەكرێتە سەر داودئۆغلۆ و باباجان، میدیاكانی ئۆپۆزسیۆنیش پێیان دەڵێن ئێوە لە هەموو هەڵەیەكی ئاكەپەدا بەشدارن، چونكە یەكتان سەرۆك وەزیران بووە و ئەوی تریش وەزیری دارایی و ئابووری.

رەحمی توران، نووسەری دیاری رۆژنامەی (سۆزجو)ی توركی، لە نووسینێكدا رەخنە لە میدیای ئۆپۆزسیۆن دەگرێت، بەوەی ناكرێت ئەوانیش بە هەمان ئاوازی میدیای ئاكەپە بخوێنن و رەخنە لەو دوو سەركردەیە بگرن.

توران پێیوایە، راستە ئەو ٢ سەركردەیە پێشتر ئاكەپە بوون، بەڵام ئۆپۆزسیۆن رەخنەیان لێ بگرێت لە خزمەتكردن بە پارتی دەسەڵات زیاتر هیچی تریان دەست ناكەوێت.

ئەو وتەیەكی مەولانا دەهێنێتەوە: "دوێنێ لەگەڵ دوێنێ رۆیشت، بۆیە پێویستە ئەمڕۆ شتی تازەمان پێ بێت و بیڵێین".

توران لە وتارەكەیدا دەنووسێت: "داودئۆغلۆ و باباجان زۆر گۆڕانكارییان بەسەردا هاتووە، ئێستا رێگای راستیان دۆزیوەتەوە و پێشتر نەیانزانیوە ئاكەپە چۆنە و ئامانجی چییە، بۆیە ئێستا ئەو دوو سەركردەیە دەیانەوێت هەڵەكانی ئاكەپە ئاشكرا بكەن، بۆیە ئاساییە ئاكەپە لەو دوو سەركردەیە تووڕە بێت و رەخنەیان لێ بگرێت، چونكە كەمبوونەوەی هەر دەنگێكی ئاكەپە بۆ ئەو دوو پارتە دەڕوات، بەڵام نازانم بۆچی ئۆپۆزسیۆن لەو ٢ سەركردەیە نیگەرانن".











باسنيوز



Top