تووندکردنەوەی رێوشوێنەکانی دژ بە کۆرۆنا لە کەتەلۆنیا کێشەی بۆ گەشتیاران دروستکردووە

تووندکردنەوەی رێوشوێنەکانی دژ بە کۆرۆنا لە کەتەلۆنیا کێشەی بۆ گەشتیاران دروستکردووە
لە بڕیارێکی بەپەلەدا رێوشوێنەکانی قەدەخەی هاتووچۆ لە هەرێمی کەتەلۆنیا تووندوتۆڵکرانەوە و قەدەخەی هاتووچۆ راگەیێندرایەوە، بەستنی ماسک لە شوێنە قەرەباڵخەکان چاودێرییەکی زۆری لەسەرە؛ بڕیارەکە هێندە کتوپڕ بوو، گەشتیاران فریای ئەوە نەکەوتن بگەڕێنەوە ئەو وڵاتەی لێیەوە هاتبوون.

ئارسەر فاری، گەشتیاری ئەڵمانی دەڵێت "بەنیازبووم سەردانی مەدرید بکەم، بەڵام دەبێت لە دوو رۆژی داهاتوودا بگەڕێمەوە ئەڵمانیا. ترساویشم؛ نازانم جارێکی دیکە سنوور دادەخرێتەوە یان نا، بۆیە لەوانەیە لە بارسێلۆنا گیربخۆم".

ماوەیەکبوو کۆرۆنا رووی لە لاوازی بوو لە بارسێلۆنا، رێکارەکان بەشی زۆریان هەڵگیرابوون، خەریکبوو جوڵەیەکی بازرگانی و گەشتیاری دروستببێتەوە، بەڵام زیادبوونەوەی تووشبوون بە کۆرۆنا جارێکی دیکە چۆڵیی خستە شەقامەکان و گەشتیارانی سەرگەردان کرد.

لینکا یاکوبیکۆڤا، گەشتیاری سلۆڤاکی دەڵێت "هەندێک نیگەرانم، بەڵام بەو راددەیەش نییە بشڵەژێم. پێموایە ئەم ماوەیە گەشتیاری کەمتر دێنە ئێرە. لەوانەیە بۆ گەشتیاران خراپ نەبێت کە سەردانی ئێرە ناکەن، بەڵام ئەگەر ماسک بپۆشن، پێموایە هەموو شتێک باش دەبێت".

ملیۆنان کەس لە کەتەلۆنیا داوایان لێکراوە لە ماڵەکانیان بمێننەوە، چوار ملیۆن کەس تەنیا لە کەتەلۆنیا پێیان گوتراوە بۆ کاری ئێجگار پێویست نەبێت نەچنە دەرەوە. سینەما و شانۆکان داخرانەوە و ژمارەیەکی سنوورداریش لە خەڵک رێگەیان پێدەدرێت سەردانی یانەکانی شەوانە بکەن.

بەتەنیا کەتەلۆنیا 67 هەزار و 217 تووشبووی هەیە، پێنج هەزار و 678 تووشبووی ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە.









رووداو
Top