ئێران.. لە وێستگەیەکی کارەبا لە ئیسفەهان تەقینەوەیەک ڕووی دا

ئێران.. لە وێستگەیەکی کارەبا لە ئیسفەهان تەقینەوەیەک ڕووی دا
ماڵپەڕی فەرمیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بڵاوی کردەوە بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە لە وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای (ئیسلام‌ئاباد)ی سەر بە ئیسفەهان تەقینەوەیەک ڕووی داوە.

لەمبارەوە سەعید موحسنی، بەڕێوەبەری کارەبای پارێزگای ئیسفەهان بە ماڵپەڕی (ئیرنا)ی ڕاگەیاندووە: "کاتژمێر پێنجی بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 2020.7.19 تەقینەوەیەک لەناو وێستگەی ئیسلام‌ئابادی کارەبای ئیسفەهان ڕووی داوە، بەڵام هۆکارەکەی پووکانی و خراپووبنی ئامێرەکان بووە و هیچ خەسارێکی گیانیی نەبووە".

ئەو وێستگەی کارەبایە بە گەورەترین وێستگەی کارەبای شاری ئیسفەهان دێتە ئەژمار و ماوەی ٥٠ ساڵە کار دەکات.

ئەم تەقینەوەیە لەناو وێستگەی کارەبای ئیسفەهان لە کاتێکدایە کە لە ماوەی ٢٠ ڕۆژی ڕابردوودا لە شاری تاران و دەوروبەری چەند تەقینەوەیەکی جێگەی گومان ڕوویان دا کە تێیدا نزیکەی ٢٠ کەس بوونە قوربانی.

هاوکات تەقینەوەیەکی دیکەش لە ناوەندی ئەتۆمیی "نەتەنز" لە ئیسفەهان ڕووی دا کە بەگوێرەی زانیاریی میدیا بیانییەکان گومانی ئەوەی لێ دەکرا کە هێرشیکی ئەلیکترۆنیی ئیسرائیل بێت، بەڵام حکوومەتی ئیسرائیل ئەو زانیارییانەی ڕەت کردەوە.

هاوکات بەرپرسانی ناوەندی وزەی ئەتۆمیی ئێران هێشتا وردەکارییان لەمبارەوە نەخستووەتە ڕوو و ئاشکرایان کردووە کاتی دەوێ هەتا لەبارەی هۆکاری ئەو تەقینەوەیەوە لێکۆڵیەنوەی ورد بکرێت.










باسنيوز




Top