باڵیۆزی پێشووی ئەمەریکا لە چین بۆ بەرپرسانی وڵاتەکەی: هیچ لەبارەی ئەو وڵاتە نازانن
رۆژ نییە لە کۆشکی سپی یان کاپیتاڵ ھیڵەوە جارێک یان زیاتر ھێرش نەکرێتەسەر چین، باڵیۆزی پێشووی ئەمەریکاش لە چین بە توانجەوە دەڵێ، ئێستا وەرزی سیاسەتە لە ئەمەریکا، کەمتر لە چوار مانگی دیکە ھەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا دەستپێدەکەن و باشترین بابەتیش بۆ کۆکردنەوەی دەنگ، پەلاماردانی چینە.
ماکس باوکەس، باڵیۆزی پێشووی ئەمەریکا لە چین، راشکاوانە و بێ پێچ و پەنا رای خۆی لەبارەی هەڵوێستی سیاسییەکانی وڵاتەکەی بەرامبەر چین دەردەبڕێت، باس لەوە دەکات "پێموایە ئەمەریکا لە تۆمەتەکانی بەرامبەر چین دووڕووە، چونکە ھەندێکجار بەبێ بەڵگەش چین تۆمەتبار دەکات. ئێستا وەرزی سیاسەتە لە ئەمەریکا و ترەمپ خۆی ھەڵدەبژێرێتەوە و کۆنگرێسمان و سیناتۆرەکانیش پێویستیان بەدەنگە. رەخنەگرتن زۆر ئاسانە، بەڵام بنیادنان و ئەرێنیبوون سەختە".
باوکەس لە 2014ـەوە تاوەکو 2017 باڵیۆزی وڵاتەکەی بووە لە چین، پێیوایە ئێستا "دۆخێکی ژەھراوی" لە ئەمەریکا دەگوزەرێ و پێش ھەڵبژاردنیش ھیچ شتێک ناگۆڕدرێ و تەنیا بانگەشەیە.
باڵیۆزی پێشووی ئەمەریکا لە چین جەخت دەکاتەوە لەوەی "زۆر ئەستەمە پێش ھەڵبژاردنەکانی ئەمریکا، ھیچ گفتوگۆیەکی مانادار بکرێت، بەڵام دوای ھەڵبژاردنەکان ئیدارەیەکی راستەقینە و جدی دێتە پێشەوە، ئیدی ترەمپ بێت یان بایدن. زۆربەی ئەمەریکییەکان چینیان نەبینیوە. بەڕاستی بڵێم؛ ئەمەریکییەکان لە چین تێنەگەیشتوون. من، دەپرسم مایک پەمپێیۆ بێجگە لە کاری دیپلۆماسی، چەند جار سەردانی چینی کردووە؟ ھەموو دیپلۆماتکارە ئەمەریکییەکان وان".
"ئەمەریکا لەڕێگەی رەخنەکانییەوە، چینی ناچارکردووە بچێتە بەرەی رووسیا و دژبەرەکانی واشنتن". ئەو دیپلۆماتکارەی ئەمەریکا هەروەها رەخنە لە وڵاتەکەی دەگرێت و دەڵێ: "لەگەڵ خەڵکی چین زۆر بەھای ھاوبەشمان ھەن و چینییەکان زۆر لە ئێمەوە نزیکن. تاکە کێشەی ئەمەریکییەکان بە ھاووڵاتی ئاسایی و سەرۆک و سیاسییەکانیانەوە ئەوەیە؛ خەڵکی چین ناناسن".
K24
