ئەسیوپیا دەستیکرد بە پڕکردنی بەنداوی نەهزە

ئەسیوپیا دەستیکرد بە پڕکردنی بەنداوی نەهزە
ئەسیوپیا دەستیکرد بە پڕکردنی بەنداوی نەهزە لەسەر رووباری نیل، ئەوەش دوای رۆژێک لە شکستهێنانی دانوستاندنەکان لەنێوان میسر و ئەسیوپیا و سوودان لەبارەی دروستکردنی بەنداوەکە و دەستبەکاربوونی.

رۆژی سێشەممە 14ی تەممووزی 2020، ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس کۆمەڵێک وێنەی بڵاوکردەوە کە لەڕێگەی مانگی دەستکردەوە گیراون، تێیاندا دەردەکەوێت کە ئەسیوپیا دەستیکردووە بە پڕکردنی بەنداوی نەهزە. سیلیشی بیکیلی، وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی ئەسیوپیا رایگەیاند، تەواوکردنی بەنداوەکە و پڕکردنی پێکەوە بەردەوام دەبن.

وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی ئەسیوپیا دەشڵێت، ئێستا ئاستی ئاوی بەنداوی نەهزە لە 525 مەترەوە بۆ 560 مەتر بەرزبووەتەوە.

ئەسیوپیا پێشتر رایگەیاندبوو، لە مانگی تەممووزەوە دەستدەکات بە پڕکردنی بەنداوەکە، تەنانەت ئەگەر لەگەڵ میسر و سوودانیش نەگاتە رێککەوتن.

میسر ترسی ئەوەی هەیە، پڕکردنی بەنداوەکە کاریگەری بکاتە سەر پشکی لە ئاوی نیل کە زیاتر لە 55 ملیار مەتر چوارگۆشەیە، داواش دەکات لەوبارەیەوە رێککەوتن بکرێت، بەتایبەت لەسەر گەرەنتیی پارێزراویی بەنداوەکە و دیاریکردنی بنەماکانی پڕکردنی بەنداوەکە لەکاتی وشکەساڵیدا.

ئەسیوپیا دەشڵێت، ئامانجی ئەوە نییە زیان بە بەرژەوەندییەکانی میسر و سوودان بگەیێنێت، ئامانجی لە دروستکردنی بەنداوەکە بەرهەمهێنانی کارەبا و گەشەپێدانی وڵاتەکەیەتی.

ژمارەیەک لە وڵاتان بەتەواوی پشت بە ئاوی رووباری نیل دەبەستن، لەنێویاندا میسر کە بۆ دابینکردنی ئاو پشت بە زیاتر لە 90%ی ئاوی رووبارەکە دەبەستێت.










رووداو
Top