هەسەدە و گەڕان بەدوای هاوسەنگیی نێوان ئەمریکا و رووسیادا
بۆچوونی باو لە دروستنەبوونی پەیوەندییەکی باش لە نێوان کورد و رووسیادا، زۆرینەی کات دەگەڕێندرێتەوە بۆ ئەو پەیوەندییە باشەی زۆرینەی کات رووسیا و تورکیا بەیەکەوە دەبەستێتەوە، چونکە تورکیا بەگومانەوە لە دەسەڵاتێکی سەربەخۆی کورد لە نزیک سنوورەکانی باشووری رۆژئاوای خۆی دەڕوانێت.
کوردی رۆژئاوای کوردستان یەک لەسەر سێی خاکی سووریایان بەدەستەوەیە، کە بەسەرچاوەی سەرەکی سەرچاوە سروشتییەکانی ئەو وڵاتە دادەنرێت.
رووسیا ئێستا نزیکترین هاوپەیمانی رژێمی سووریایە و پێدەچێ لە ماوەی رابردوودا هەوڵەکانی ئەو وڵاتە بۆ نزیکبوونەوە لە دەسەڵاتی خۆسەری لە رۆژئاوای کوردستان هاتبێتە ئاراوە.
هەفتەی رابردوو وەک ئەوەی مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی هەسەدە لە تویتەر بڵاوی کردەوە ئەلیکساندەر چایکۆن، فەرماندەی هێزەکانی رووسیا لە سووریا، سەردانی کرد و، باسیان لە بابەتە هاوبەشەکانی نێوانیان کردووە.
لە دوای هاتنە ناوەوەی راستەوخۆی رووسیا لە سووریا لە 30ی ئەیلوولی 2015ەوە، پەیوەندییەکانی نێوان مۆسکۆ و ئیدارەی خۆسەری چەندین بەرز و نزمی بەخۆوە بینیوە. خستنە خوارەوەی فڕۆکەیەکی رووسی لەلایەن مووشەکێکی تورکییەوە لە کۆتاییەکانی 2015دا لە ناو خاکی سووریادا، بووە سەرەتای دروستبوونی پەیوەندی ئاشکرای نێوان هەردوولا.
هێزەکانی هەسەدە لە دوای ئەو رووداوەوە، سوودیان لە پاڵپشتیی ئاسمانیی رووسیا وەرگرت، بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچەیەکی فراوان لە دەوروبەری باکووری حەلەب، دیاترینیان شاری تەلرەفعەت کە هێزە ئۆپۆزیسیۆنە پشتگیریکراوەکانی تورکیا کۆنترۆڵیان کردبوو.
پەیوەندییەکانی نێوان ئیدارەی خۆسەر و رووسیا زیاتر فراوان بوون، کاتێک لە شوباتی 2016دا نووسینگەی نوێنەرایەتی "کوردستانی سووریا" لە مۆسکۆ کرایەوە، هەنگاوێک کە مەبەست لێی وەڵامدانەوەیەکی سیاسیی تورکیا بوو، کە خاوە خاوی نەنواند لە وەڵامدانەی تووندی هەنگاوە رووسیەکە و بە "پشتگیریکردن لە کورد" ناوی برد، کە دەیانەوێت هەرێمێکی کوردی لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریادا دروست بکەن. ئەوەی جێگەی سەرنجبوو لەو رووداوەدا ئەوەیە کە نوێنەرایەتییەکە، نەخشەی کوردستانی گەورەی لە ناو نووسینگەکەیدا لە مۆسکۆ هەڵواسیبوو کە رووبەری فراوانی خاکی تورکیا، ئێران، سووریا و عێراق دەگرێتەوە.
پەیوەندییە باشەکەی نێوان رووسیا و ئیدارەی خۆسەر، لە دوای گەشانەوەی پەیوەندییەکانی نێوان مۆسکۆ و ئەنقەرە بەرەو کزی چوون، کە تێیدا رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا سەردانی رووسیای کرد لە پاش کۆدێتا شکستخواردووەکەی تورکیا لە 15ی تەمووزی 2016. لەو کاتەوە کوردی سووریا تەنیا ئەمریکایان لەپاڵ خۆیاندا وەک هاوپەیمانێک بینیوەتەوە، لە رووبەڕووبوونەوەی هەر مەترسییەک بۆ سەریان.
ئەمریکا ئەوانی خستە ناو هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش و لە سەرەتای ساڵی رابردووەوە کوردی رۆژئاوا کۆنترۆڵی نزیکەی یەک لەسەر سێی تەواوی خاکی سووریایان کردووە، کە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی فورات دەگرێتەوە. ناوچەکە بە سامانی سروشتی دەوڵەمەندە، هەر ئەوەش وایکردووە ئەوان یاریزانێکی سەرەکی ئەو ململانێ دوورودرێژەی ناو سووریا بن کە لە 2011ەوە دەستیپێکردووە.
لە سەرەتای ساڵی 2018دا، کورد وایانخوێندەوە کە رووسیا دەستی لێهەڵگرتوون، کاتێک گڵۆپی سەوزیان بۆ تورکیا هەڵکرد پەلاماری شاری عەفرین بدات. عەفرین بە پێگەیەکی دیاری هێزەکانی یەپەگە دادەنرا و تا ئەوکات ئەو شارە بە ناوچەی دەسەڵاتی رووسیا دادەنرا. وێڕای ئەوەش سووپای رووسیا رێگەی نەدا تورکیا بچێتە ناو ناوچەکانی وەک تەلرەفعەت و گوندەکانی چوادەوری کە تائێستاش بەدەستی کوردەوەیە.
لە دوو ساڵی رابردوودا، رووسیا کاریکردووە بۆ کەمکردنەوەی ئەو بۆشاییەی لە نێوان کورد و رژێمی سووریادا هەیە، چاودێری چەندین خولی دانوستاندنی نێوان هەردوولای لە دیمەشقی پایتەخت و بنکەی سەربازیی حمێمیم کردووە، بەڵام شکستیهێنا لە رازیکردنی رژێمی سووریا بە پارێزگاری لە ئیدارەی خۆسەر و هێزەکانی هەسەدە کە کۆنترۆڵی ناوچەکانی کردووە.
شەلال گەدۆ، ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا دەڵێت: "هەڵوێستی رووسیا لەسەر دۆزی کورد پۆزەتیڤە". ئاماژەی بەوەداوە کە "رووسەکان دژی ئەوە نین کە کورد هەموو مافەکانی خۆی لە سووریادا بەدەست بهێنێت". زیاتر گوتی "رووسیا لەپاڵ رژێمی سووریادایە و ئەوەش وایکردووە هەوڵەکانی چارەسەرکردنی سیاسییانەی کێشەکان سەرکەوتوو نەبێت".
ئەو روونیکردەوە کە "ئەنجوومەنەکەیان چاویان بەچەندین دیپلۆماتکاری رووسی کەوتووە لە مۆسکۆ، ئیستەنبوڵ و هەولێر" و دووپاتیکردەوە پەیوەندییەکانی کورد لەگەڵ رووسیادا لەبەرەوپێشچووندایە، گوتی: "ئێمە سوورین لەسەر گەشەپێدانی ئەو پەیوەندییانە بە لەبەرچاوگرتنی رۆڵی گەورەی رووسیا لە سووریادا".
تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو، کاتێک لە پاش کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی فورات، تورکیا هەوڵیدا هێرشبکاتە سەر ئەو ناوچانە، ئیدارەی خۆسەر تەنیا رووسیای شکبرد لە رێگەیەوە هەوڵی راگرتنی ئەو هێرشانەی تورکیا بدات، کە بەهۆیەوە 100 کیلۆمەتر هاتە ناو خاکی سووریاوە. هەسەدە ئەوکات ناچار بوو رێکەوتنێکی سەربازی لەگەڵ مۆسکۆدا بکات، بەڕێگەدان بۆ هاتنە ناوەوەی هێزەکانی سوپای رووسیا، بۆ ناوچەی رووباری فورات، هەنگاوێک هەبوونی رووسیای لە سووریادا هێندەی دیکە پشتقایمکرد. رێکەوتنەکە هەروەها رێگەی بە هێزەکانی حکومەتی سووریا دا، لە ناوچە سنوورییەکان لەگەڵ هێزەکانی هەسەدەدا بڵاوببێتەوە، لە نزیک ئەو ناوچە سنوورییانەی مەفرەزەی هاوبەشی نێوان سووپای تورکیا و رووسیا دەیپارێزن.
پێشتر رووسیا و تورکیا رێککەوتنێکیان کرد، کە بەهۆیەوە هەسەدە ناچارکرا 30 کیلۆمەتر بۆ ناو قووڵایی خاکی سووریا پاشەکشە بکات، هەروەها مەفرەزەی هاوبەشی تورکیا و رووسیا بەدرێژایی سنوور و بەقووڵایی 5 کیلۆمەتر، گەڕانی بەردەوامیان هەیە، ئەمەش لەبەرامبەر راگرتنی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەستی هەسەدە.
رێککەوتنەکە بە لەرزۆک دادەنرێت، لەبەرئەوەی مەترسی زۆری لەسەرە و ئەوەش کارێکە کوردی سووریا لێیدەترسن و ناچارن لە نێوان پەیوەندییەکانیان لەگەڵ رووسیا لەلایەک و لەگەڵ ئەمریکا لەلایەکی دیکەوە، بەردەوام بەشوێنی هاوسەنگیدا بگەڕێن. بەتایبەت رووسیا کە دەزانێ کورد زۆریان پێویست پێیەتی چ لە رێکەوتن لەگەڵ تورکیا یان سووریادا.
ئەوەی بۆ هەسەدە گرنگە لەبارەی رووسیاوە، ئەوەیە کە مۆسکۆ پێویستی بەجێپێیەک هەیە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی رووباری فورات، کە پڕ لە سەرچاوەی سرووشتییە لە نەوت و کانزاکان و ئاو و تەنانەت خاکی بەپیتی کشتوکاڵیش، ئەمە جیا ستراتیژیی ناوچەکە، کە ململانێی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی زۆری لەسەرە.
بەپێی رێککەوتنی نێوان رووسیا و هەسەدە، سوپای رووسیا چەندین بنکەی سەربازی لە ناوچەکەدا کردەوە و لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی فورات جێگیر بوو لە رۆژئاوای کۆبانێ. ئەمە جیا لە ناوچەکانی وەک عەین عیسا لە ناوەڕاستی قامیشلۆ. جیا لەوەش رووسیا رێکەوتنەکەی قۆستەوە بۆ کردنەوەی بنکەیەکی گەورە لە فڕۆکەخانەی قامیشلۆدا، کە پەیوەستە بە بنکەی سەربازیی حەمێمیمەوە، لە کاتێکدا دەگوترێ رووسیا ئەو فڕۆکەخانەیەی لە سووریا بە کرێگرتووە بۆ ماوەی 49 ساڵ.
تشرینی دووەمی رابردوو، وەزارەتی بەرگریی رووسیا ئاشکرایکرد، سیستمی بەرگریی ئاسمانی و فڕۆکەی جەنگیی لە بنکەی حەمێمیمەوە بردووەتە ناو فڕۆکەخانەی قامیشلۆوە.
ئەمجەد عوسمان، گوتەبێژی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات گوتی "رووسیا لایەنێکی گرنگ و کاریگەرە لە سووریادا"، ئاماژەی بەوەدا کە "رووسیا توانای رۆڵگێڕانی سەرەکی هەیە لە رێکەوتنی هەموو لایەنەکانی سووریادا". ئەو هەروەها دەڵێت کە ئەوان "وەک دانیشتوانی سووریا پێویستییان بە دەرچە و چارەسەرێکی سیاسی هەیە کە تەنگژەی وڵاتەکە کۆتایی پێبهێنێت و سیادەی سووریا لە بەرامبەر دەستتێوەردانی هەرێمایەتی و داگیرکردنی شار و ناوچەکانی سووریا بەهێز بکات".
لە بەرامبەردا ئیبراهیم موسلیم، توێژەری سیاسی نزیک لە ئیدارەی خۆسەر پێیوایە "پەیوەندیی نێوان مۆسکۆ و ئەنقەرە بەهێزترە، چونکە بەرژەوەندیی لە نێوان هەردوولادا هەیە". ئەو دەڵێت: "ئەگەر کورد بەمەرجەکانی رووسیا رازی ببن، بەتایبەت لە پەیوەست بە زیادبوونی دەسەڵاتی رووسیا و هاوپەیمانەکانی، زیاتر لە دەسەڵاتی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، کە ئەمریکا سەرکردایەتی دەکات لە ناوچەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، ئەوکات هاوکێشەکە دەگۆڕێت".
موسلیم پێیوایە سەردانی ماوەی رابردووی فەرماندەی هێزەکانی رووسیا بۆ رۆژهەڵاتی فورات، لە چوارچێوەی هەمان هەوڵدایە، بۆ پتەوکردنی هەبوونی خۆیان و ئەو باڵەی ناو سووپای سووریا کە لەوانەوە نزیکە، لە رۆژهەڵاتی فورات". ئەوەشی خستەڕوو کە سەردانیکردنی عەمید سوهێل حەسەن (پیاوە دیارەکەی رووسیا لە نێو سوپای سووریادا) بۆ ناوچەکە، لە هەمان چوارچێوەدایە.
رووداو
