لە ئەنجامی تەقینەوەیەک لە مەشهەد کۆگەیەکی هەڵگرتنی گاز گڕی گرت

لە ئەنجامی تەقینەوەیەک لە مەشهەد کۆگەیەکی هەڵگرتنی گاز گڕی گرت
بەرپرسی ئاگرکوژێنەوەی شارۆچکەی پیشەسازیی کاویان فەریمان لە مەشهەد رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ بەهۆی تەقینەوەیەکەوە ئاگر لە کۆگەی گازی کارخانەی پێترۆنەوتیی شارۆچکەی پیشەسازیی کاویان فریمان کەوتووەتەوە و بەهۆیەوە شەش کۆگە گڕیان گرتووە، بەڵام زیانی گیانی نەبووە.

جەواد جەهاندوست، بەرپرسی ئاگرکوژێنەوەی شارۆچکەی پیشەسازیی کاویان فەریمان ئاماژە بەوە دەدات، دوای کەوتنەوەی ئاگرەکە دەستبەجێ تیمەکانیان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و ئاگرەکەیان کۆنترۆڵ کردووە.

جەهاندوست لەبارەی رووداوەکەوە دەڵێت، بەهۆی گەورەیی ئاگرەکەوە یەکێک لە کۆگەکان لە شوێنەکەی ترازاوە و بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە لە مەشهەد، فریمان و فەرهادگر تیمی ئاگرکوژێنەوە رەوانە کراوە و رووداوەکە هیچ زیانی گیانیی نەبووە و لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە دەستیپێکردووە.

جگە لە تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە، تیمەکانی پۆلیس و سوپای پاسدارانیش لە کۆنترۆڵی ئاگرەکەدا بەشداربوون.

فریمان لە 75 کیلۆمەتری رۆژهەڵاتی مەشهەدەوەیە و سەر بە خواراسانی رەزەوییە.








رووداو
Top