فلۆرێنس بارلی، وەزیری بەرگری فڕەنسا : لەئاست دەستوەردانەکانی تورکیا لە کاروباری لیبیا بێدەنگ نابین

 فلۆرێنس بارلی، وەزیری بەرگری فڕەنسا  : لەئاست دەستوەردانەکانی تورکیا لە کاروباری لیبیا بێدەنگ نابین
وەزیری بەرگری فڕەنسا رایگەیاند، وڵاتەکەی ئیدانەی سەرپێچی لە بڕیاری قەدەغەکردنی هەناردەکردنی چەک دەکات بۆ لیبیا، گرنگ نییە ئەو چەکانە لە چی سەرچاوەیەکەوە رەوانە بکرێن، دەشڵێت، "لەئاست دەستوردانەکانی تورکیا لە کاروباری لیبیا بێدەنگ نابین".

وڵاتەکەی پاڵپشتی لە هیچ گروپێکی چەکداری یاخود دەستوەردانێکی سەربازی لە لیبیا ناکات


فلۆرێنس بارلی، وەزیری بەرگری فڕەنسا ئەمڕۆ دوشەممە لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنوسان رایگەیاند، وڵاتەکەی پاڵپشتی لە هیچ گروپێکی چەکداری یاخود دەستوەردانێکی سەربازی لە لیبیا ناکات.

ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە دەستوەردانەکان لە کاروباری لیبیا و سەرپێچییەکان لە بڕیاری قەدەغەکردنی ناردنی چەک بۆ لیبیا بەپێی بڕیاری نەتەوە یەکگرتوەکان و دەرئەنجامەکانی کۆنفڕانسی بەرلین بوەستێنرێت.

تورکیا بەردەوام چەک و شەڕکەر رەوانەی لیبیا دەکات و جوڵەکانی بە وردییەکی زۆرەوە لەلایەن نەتەوە یەکگرتوەکانەوە چاودێری دەکرێت


وەزیری بەرگری فڕەنسا باسی لەوەشکرد، تورکیا بەردەوام چەک و شەڕکەر رەوانەی لیبیا دەکات و جوڵەکانی بە وردییەکی زۆرەوە لەلایەن نەتەوە یەکگرتوەکانەوە چاودێری دەکرێت.

ئەوەشی خستەڕو، وڵاتەکەی هەوڵی راگەیاندنی ئاگربەست دەدات لە لیبیا لە رێگەی دانوستانی سیاسی بۆ سەقامگیرکردنی ئاسایشی ئەو وڵاتە و بەرەنگاربونەوەی تیرۆر تیایدا.

نۆی ئەم مانگەش وەزیری بەرگری فڕەنسا نیگەرانی وڵاتەکەی لەبارەی جوڵەکانی تورکیا لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست دەربڕی و پشتگیری وڵاتەکەشی بۆ کۆماری قوبرس دوپاتکردەوە.







خەندان
Top