حوسییەکان هێرشێکی فراوان بۆ سەر سعودیە رادەگەیەنن

حوسییەکان هێرشێکی فراوان بۆ سەر سعودیە رادەگەیەنن


بزووتنەوەی ئەنساروڵڵا (حوسییەکان)ی یەمەن هێرشێکی فراوان بۆ سەر شانشینی عەرەبستانی سعودیە، رادەگەیەنن.

ئەمڕۆ دووشەممە 13-7-2020، بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی (سپۆتنیک)، ژمارەیەک سەرباز و فەرماندەی سعودی لە سەربازگەی تەداوین لە مەئرەب لە یەمەن، بەهۆی هێرشێکی مووشەکیی حوسییەکان گیانیان لەدەست داوە.

حوسییەکان هەروەها رایانگەیاندووە، کە چەندین فڕۆکەخانە، بنکەی سەربازی و ژمارەیەک ناوچەی شارەکانی جازان، نەجران و عەسیریان کردووەتە ئامانج.

عەمید یەحیا سەریع، گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی حوسییەکان رایگەیاندووە، بە مووشەکی دوورهاوێژ بنکە سەربازی و فڕۆکەخانەکانی سعودیەیان کردووەتە ئامانج.

حوسییەکان بزووتنەوەیەکی شیعەمەزهەبی یەمەنین و کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ماددی، مەعنەوی و لۆجیستی، هاوکارییان دەکات.

لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی یەمەنەوە، کە لە ساڵی 2011 دەستی پێ کرد، حوسییەکان پاڵپشتیی خۆیان بۆ ئۆپۆزیسیۆن راگەیاند و لە مانگی ئەیلوولی 2014ش کودەتایان بەسەر حکوومەتی نوێی وڵاتەکەیاندا کرد و دەستیان بەسەر شاری سەنعای پایتەخت و زۆرینەی ناوچەکانی وڵاتەکەیاندا گرت.











باسنيوز
Top