ڤیتۆی رووسیا و چین رێگرە لە کردنەوەی دەروازەی سنووریی تەلکۆچەر
نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ناڕەزایی خۆی راگەیاند بەرامبەر نەکردنەوەی دەروازە سنوورییەکانی سەر رۆژئاوای کوردستان، کێڵی کرافت، باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت "دەمەوێت روون بم، پرۆژە بڕیارەکەی ئەمڕۆ زۆر بێ هیوامان دەکات بەهۆی داخستنی دەروازەکانی بابول سەلام و ئەل-یەعروبیە".
رووسیا و چین دژایەتیی دووبارە کردنەوەی دەروازەی سنووریی تەلکۆچەر دەکەن، زیاتر لەبەرئەوەی ئەو دەروازانە لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی سووریا نین.
ژانگ یوونگ، باڵیۆزی چین لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت "پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کۆمەکە مرۆییەکان زیاتر بکات بۆ خەڵکی سووریا لەسەر بنەمای رێزگرتن لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سووریا".
دیمیتری پۆلیانسکی، جێگری باڵیۆزی رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکات، "لە سەرەتای ساڵی 2020ـەوە کاتێک دەروازەی ئەل-یەعروبیە داخرا، رێژەی کۆمەکی مرۆیی بۆ باکووری رۆژهەڵاتی سووریا ئەوەندەی هەموو ساڵەکانی دیکە زیاتربوون. ئەمە راستییەکە کە خۆی قسەدەکات مانای چییە".
بە پێچەوانەوە، نەتەوەیەکگرتووەکان راگەیاند کە داخستنی تەلکۆچەر و دەروازە سنوورییەکانی دیکە بووەتە تەگەرەی گەورە لەپێش گەیاندنی خواردن و دەرمان و پێداویستیی رۆژانە.
ستێفان دوژاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان باسی لەوە کرد، پێویستیان بە دەروازەی سنووریی زیاترە بۆ ناردنی کۆمەک و هەر شکستێک بۆ درێژکردنەوەی وادەی کردنەوەی دەروازە سنوورییەکان، دەشڵێت "کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنە مرۆییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەهێنێت کە ئێستا هەیە. یان ئەوەیە دەسەڵاتمان دەدەنێ یان نا. ئێمە پێویستمان بە ناردنی کۆمەکی مرۆیی زیاترە نەک کەمتر".
پرۆژە بڕیارەکەی رۆژی شەممە 11ی تەممووز، تەنها رێگە بە کردنەوەی یەک دەروازە دەدات بۆ ناوچە زۆرینە عەرەبییەکانی ژێر دەستی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سەر بە تورکیا.
رووداو
