شەڕ لە نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان روویدا

شەڕ لە نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان روویدا
شەڕ لە سنووری نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان روویدا؛ دوو سەربازی ئازەربایجانی کوژران و 5 سەربازی دیکەش برینداربوون.

وەزارەتی بەرگریی ئازەربایجان بڵاویکردەوە، سوپای ئەرمینیا لە هەرێمی تاڤووشی باکووری وڵاتەکەیەوە هێرشێکی ئەنجامداوە، بەڵام بە تووندی وەڵامی دراوەتەوە و پاشەکشەی پێکراوە.

لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی بەرگریی ئازەربایجاندا هاتووە، لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانەکەدا دوو سەربازی سوپای وڵاتەکەی کوژراون و 5 سەربازی دیکەش برینداربوون.

ئەرمینیاش رەخنەی تووندی لە ئازەربایجان گرت و بە هۆکاری هەڵگیرساندنی شەڕەکەی ناوبرد.

شوشان ستیپانیان، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەرمینیا رایگەیاند، سوپای ئازەربایجان هێرشێکی ئەنجامداوە و مەبەستی بووە "چەند پێگەیەکمان کۆنتڕۆڵبکات".

ستیپانیان دەڵێت، هێرشەکەی سوپای ئازەربایجان تێکشکێندرا، چەند کەسێکیان لێ کوژران و برینداربوون و هیچ کەسێکیش لەناو ریزەکانی سوپای ئەرمینیادا نەبووە قوربانی.

نزیکەی سێ دەیەیە ئەو دوو وڵاتە لەسەر ناوچەیەک کە بە "ناگۆرنی کاراباخ" ناسراوە کێشەیان هەیە، بەڵام شەڕەکەی ئەمڕۆ لەو سنوورەدا نەبوو.

لە ساڵی 1994ەوە ئاگربەستێک لەنێوان هەردوو وڵاتدا هەیە کە بە نێوەندگیری فەرەنسا، رووسیا و ئەمریکا واژۆکرا، بەڵام چەند رۆژێک پێش ئێستا ئیلهام عەلیڤ، سەرۆکی ئازەربایجان رەخنەی تووندی لە شێوازی بەڕێوەچوونی دانوستاندنەکانی نێوان وڵاتەکەی و ئەرمینیا لەبارەی چارەسەرکردنی ناوچەی "ناگۆرنی کاراباخ" گرت و ئەوەش مەترسی هەڵگیرسانەوەی شەڕی هێنایەوە ئاراوە.

ئەرمینیا و ئازەربایجان دوو وڵاتی ناوچەی قەوقازن و ساڵی 1991 سەربەخۆییان لە یەکێتیی سۆڤیەتی جاران وەرگرت.







رووداو
Top