ئێران: بایدنیش ببێتە سەرۆکی ئەمریکا، دانوستاندن ناکەین
بایدن رکابەری دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئێستای ئەمریکا و بەربژێری کۆمارییەکانە، بۆ سەرۆکایەتی داهاتووی ئەمریکا.
مەحمود واعزی، بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی ئێران، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنی ئێراندا گوتی: "جیاوازی لە نێوان ترەمپ و بایدندا نییە، بە چاوپۆشین لەوەی کێ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی داهاتوو دەباتەوە، ئێمە لەگەڵ ئەمریکادا دانوستاندن ناکەین".
واعزی ئەمریکای تۆمەتبارکرد بە "هەوڵدان بۆ درز خستنە نێوان گەلی ئێران و بەرپرسەکانییەوە". ئاماژەی بەوەدا "واشنتن نەیتوانیوە ئەو درزە دروست بکات، لە کاتێکدا چەندین رێگەی تاقیکردەوە، لە گوشاری ئابوورییەوە تا جەنگی دەروونی".
ئەو زیاتر دەڵێت: "وڵاتانی ئەوروپا و لە نێویاندا سێ وڵات کە بریتین لە ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا، لاوازیی زۆریان پێشاندا و نەیانتوانی بەرامبەر بەڵێنەکانی خۆیان لە چوارچێوەی رێکەوتنی ئەتۆمیدا وەفادار بن، لە بەرامبەردا ئێران وازی لە هەندێک لە پابەندییەکانی هێنا، بە پێنج هەنگاو لە ماوەی دوو مانگدا".
ئێران رۆژی سێشەمەی رابردوو هەڕەشەی دەرچوون رێکەوتنە ئەتۆمییەکەی کرد، ئەگەر بڕیاری ئابلووقەی چەکی لەسەر درێژ بکرێتەوە. لە کاتێکدا ئەمریکا کاردەکات بۆ کۆکردنەوەی پشتگیری لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، بۆ درێژکردنەوەی ئابڵووقەکە کە لە تشرینی یەکەمی داهاتوودا کۆتایی دێت.
گوتەبێژی حکومەتی ئێران، عەلی رەبیعی گوتی "درێژکردنەوەی ئابلووقەی سەر خۆچەکدارکردنی ئێران، رێککەوتنە ئەتۆمییەکە بە تەواوی لەناودەبات، ئەم بڕیارەمان بە لایەنە بەشدارەکانی رێککەوتنەکەش گوتووە".
ئابلووقەی دژ بەخۆپڕچەککردنی ئێران لە ساڵی 2010 لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دەرچووە، بەپێی ئەو بڕیارە ئێران بێبەشکراوە لە هەموو هەوڵێک بۆ کڕینی سیستمی چەکە بیانییە گەورەکان.
رووداو
