کێڵگە هاوبەشەکانی نەوت و گاز سەرچاوەی کێشە و ململانێن لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
دیارترینی ئەو شەڕ و ناکۆکیانەی لەسەر کێڵگە هاوبەشە نەوتییەکان دروستبوون، داگیرکردنی کوەیت بوو لە ساڵی 1990ـەوە لەلایەن عێراق. رژێمی عێراق کوەیتی بەوە تاوانبارکرد کە لەڕێگەی لێدانی بیری ئاسۆیی دەیان ملیار دۆلار لە نەوتی کیڵگەی زەبەلاحی رۆمەیلەی لە باشووری عێراق دزیوە.
هەموو وڵاتانی کەنداو سەرەڕای ئەوەی کە زۆرجار پەیوەندی باشیشیان لەگەڵ یەک هەیە، بەڵام کاتێک دێنەسەر کێڵگە نەوتی و گازییە هاوبەشەکان تووشی کێشە دەبن.
نەوت و گاز لە رووی جیۆلۆجییەوە لە قووڵایی زەوی بە چەندین کیلۆمتەر و لەبەر چەندین هۆکار دوای ملیۆنەها ساڵ دروستدەبن و ئاشکرایە لەسەر زەوی هیچ سنوورێک ناناسن، لەبەرئەوەیە کاتێک لەژێر سنوورە نێودەوڵەتییەکان کێڵگە نەوتییەکان هەڵدەکەون، دەبنە سەرچاوەی کێشە و ململانێ. هەر وڵاتێک زووتر دەست بە بەرهەمهێنانی نەوت لەو کێڵگە هاوبەشانە بکات، پشکی زیاتر لەو کێڵگەیە دەبات.
ناسراوترین کێڵگەی نەوت و گازی هاوبەشی جیهان کێڵگەی گازی پارسی باشوورە لە ئێران کە لە وڵاتی قەتەر بە کێڵگە گۆمەزی باکوور ناسراوە و لە ژێر زەوی یەک کێڵگەیە. ئەم کێڵگە زەبەلاحە گەورەترین سامانی گازی سرووشتی جیهانی لەخۆگرتووە و هەردوو وڵاتی ئێران و قەتەر لە رکابەرییەکی توونددان بۆ بەکارهێنانی ئەو کێڵگەیە.
کێڵگەی هاوبەشی پارسی باشوور خاوەنی 51 تریلیۆن مەتری سێجا گازی سرووشتییە.
نزیکەی هەموو وڵاتێکی کەنداو کێڵگەی هاوبەشی لەگەڵ وڵاتانی دیکەی دراوسێی خۆی هەیە. ئێران و عێراق، عێراق و کوەیت، ئێران و سعویە، سعودیە و ئیمارات، وڵاتانی دیکەش بە هەمان شێواز.
ئێران سەرەڕای گەمارۆ تووندە ئابوورییەکانی ئەمریکا، بەتەنیا لەگەڵ عێراق خاوەنی پێنج کێڵگەی نەوتی هاوبەشە و دەستەبەرداری هەر کێڵگەیەکی دیکەی نەوتی بووبێت لەبەر گەمارۆکان، بەردەوام بووە لە بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگە هاوبەشەکان.
حکومەتی عێراقیش دەستەوەستان نەبووە لە ساڵی 2018 لە میانەی پێنجەمین خولی تەندەرەکانیدا شەش کێڵگەی هاوبەشی لەگەڵ ئێران و کوەیت کە بەزۆری کیڵگەی گازی بوون بەخشییە کۆمپانیا بیانییەکان بۆ ئەوەی دەست بە پەرەپێدانی بکەن.
بیژەن زەنگەنە، وەزیری نەوتی ئێران رۆژی شەممە 11-07-2020، ئامادەی رێوڕەسمی گرێبەستی کێڵگەی یاران بوو کە کێڵگەیەکی هاوبەشە لەگەڵ عێراق و لە دیوی عێراق بە کێڵگەی مەجنوون دەناسرێت.
هەفتەی رابردوو هەروەها کۆمپانیایەکی کەنەدی رایگەیاند کە لە رووبارۆکی سەر بە پارێزگاری شرناخ نەوتی دۆزیوەتەوە، گەشبینی ئەو کۆمپانیایە بە دۆزینەوە نەوت بەپێی کۆمپانیاکە هاوسنووربوونی ئەو کێڵگەیەیە لەگەڵ کێڵگە دەوڵەمەندەکانی باشووری کوردستان وەک کیڵگەی ئەتروش و شێخان و بجیل.
رووداو
