حکومەتی هەنگاریا رێگەنادات خەڵکی چەندین وڵات بچنە ناو وڵاتەکەی
گێرگلی گولیاس، بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا رایگەیاند "پێویستە بۆ پاراستنی تەندروستیمان رێگە بە هاتنەناوەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ نێو وڵاتەکەمان نەدەین"، بە گوتەی ئەو، تووشبوون و گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا لەو وڵاتە کەمبووەتەوە و داواش دەکات رێگەنەدرێت زیادببێتەوە.
بڕیارە نوێیەکەی حکومەتی هەنگاریا لە کاژێر 12:00ی شەوی 15ی ئەم مانگەوە دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە و لەسەر ئەو بنچینەیەش رێگەنادات گەشتیاران لە وڵاتانی ئەفریقا و زۆربەی وڵاتانی ئاسیا، جگە لە چین و ژاپۆن و بەشێك لە وڵاتانی ئەوروپا، بچنە ناو وڵاتەکەی.
ئەو وڵاتە ئەوروپیانەی کە لە لیستی وڵاتە قەدەخەکراوەکانن بریتین لە ئەلبانیا، بۆسنە، مەکەدۆنیای باکوور، کۆسۆڤۆ، بیلارووس، مۆنتینیگرۆ و ئۆکراینا.
ئەو هاووڵاتییانەی هەنگاریاش کە لەو وڵاتانەوە دەگەڕێنەوە، پشکنینیان بۆ دەکرێت و ماوەی 14 رۆژ کەرەنتین دەکرێن.
لەو چوارچێوەیەدا حکومەتی هەنگاریا، سیستەمی رەنگەکان پەیڕەودەکات و تێیدا ئەو وڵاتانەی کە ڤایرۆسی کۆرۆنا تێیاندا زۆر بڵاوبووەتەوە، بە رەنگی سوور جیادەکرێنەوە و رێگەنادرێت بە گەشتیارانیان سەردانی هەنگاریا بکەن.
بەپێی ئامارەکان، تاوەکو ئێستا لە هەنگاریا چوار هەزار و 234 تووشبووی کۆرۆنا تۆمارکراون، لەو ژمارەیەش سێ هەزار و 36 تووشبوو چاکبوونەتەوە و 595 تووشبووش گیانیان لەدەستداوە.
رووداو
