وەزیری دەرەوەی ئێران باسی فرۆشتنی دوورگەی كیش بە چین دەكات

وەزیری دەرەوەی ئێران باسی فرۆشتنی دوورگەی كیش بە چین دەكات
ئەمڕۆ یەكشەممە محەمەد جەواز زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران باسی لە هەواڵی فرۆشتنەوەی دوورگەی كیش بە وڵاتی چین كرد و رایگەیاند ئەم هەواڵە هەڵبەستراوە.


زەریف گوتی ئەو هەواڵانە رەت دەكەنەوە كە باس لە فرۆشتنی دوورگەی كیش و نەوتی خاو بە نرخێكی هەرزان بە وڵاتی چین دەكەن، دووپاتی كردەوە بە هیچ شێوەیەك نەوت بە نرخی هەرزانتر لە بازاڕ بە چین نافرۆشن و باسی فرۆشتنەوەی دوورگەی كیشیش لەئارادا نیە، كە كەوتووەتە ناوچەی كەنداوی عەرەبی.


وەزیری دەرەوەی ئێران ئەوەشی گوت كە ئەم هەواڵانە بە مەبەستی تێكدانی پەیوەندییەكانی نێوان وڵاتەكەی و چین لەلایەن دوژمنانی ئێرانەوە بڵاو دەكرێنەوە.


جێی باسە ئەمڕۆ گوتەبێژێكی پەرلەمانی ئێران گوتبووی كە ڕێككەوتنێكی ستراتیژی بۆ ماوەی 25 ساڵ لە نێوان ئێران و چین ئیمزا دەكرێت.


لە هەمان كاتدا چەند میدیایەكی عەرەبی باسیان لەوە كردبوو كە ئێران بە نیازە دوورگەی كیش بە چین بفرۆشێ، لەگەڵ فرۆشتنەوەی نەوت بە نرخێكی هەرزانتر لە بازاڕەكانی وزەی جیهان بەم وڵاتە.

جێی باسە دوورگەی كیش ناوچەیەكی بازرگانیی ئازادی ئێران و دوورگەیەكی گەشتیارییشە كە تا رادەیەك ئازادییەكان لەو ناوچەیەدا زیاترە بە بەراورد لەگەڵ شارەكانی تری ئێران.












باسنيوز



Top