سەرۆکی کۆمپانیای تێسلا لە رۆژێکدا شەش ملیار دۆلاری دەست کەوت

سەرۆکی کۆمپانیای تێسلا لە رۆژێکدا شەش ملیار دۆلاری دەست کەوت
ئیلۆن مەسک، سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای تێسلا بووە حەوتەم دەوڵەمەندترین کەس لە جیهاندا، ئەوەیش پاش ئەوەی رۆژی هەینی شەش ملیار دۆلاری دەست کەوت و لە ریزبەندیی ملیاردێرەکانی جیهاندا پێش وارن پاڤێت کەوتەوە.

ئاماژەی بلومبێرگ بۆ ملیاردێرەکانی جیهان بوونی مەسکی بە حەوتەم دەوڵەمەندترین کەس ئاشکراکرد کە تەنیا دوێنێ هەینی دوای بەرزبوونەوەی بەهای پشکەکانی کۆمپانیای تێسلا بە رێژەی 10.8% شەش ملیار دۆلاری دەست کەوت. بەوەش بەهای پشکەکانی گەیشتە ژمارەیەکی پێوانەیی کە 1.554 دۆلارە بۆ هەر پشکێک، ئەمەش مانای ئەوەیە کە بەهای بازاڕیی کۆمپانیاکە 286.5 ملیار دۆلارە.

مەسک کە هاوکات بەشدارێکی سەرەکیی کۆمپانیای سپەیس ئێکسی سەر بە کەرتی تایبەتە، خاوەنی رێژەی 20.8%ـی پشکەکانی کۆمپانیای تێسلایە و بەوەش سامانەکەی 60 ملیار دۆلارە.

کۆی سامانەکەی وارن پاڤێت لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا کەمیکرد، پاش ئەوەی بە بەهای سێ ملیار دۆلار پشکەکانی کۆمپانیای "بیرکشایەر هاسوای"ـی بەخشییە رێکخراوە خێرخوازییەکان. ئەو بەخشینەی پاڤێت بەشێکە لە پلانەکانی وازهێنان لە زۆرینەی سامانەکەی بۆ پرۆژە خێرخوازییەکان.

ئەمساڵ بەهای پشکەکانی تێسلا بە رێژەی زیاتر لە 500% بەرزبوونەوە، بەوەش بەهای هەموو کۆمپانیاکانی دیکەی تێپەڕاند. ئێستا تێسلا گرانترین کۆمپانیای دروستکردنی ئۆتۆمبێلە لە جهاندا.

لەوانەیە لە کۆتاییدا مەسکی تەمەن 49 ساڵ ببێتە دەوڵەمەندترین کەسی جیهان، ئەو نازناوە ئێستا بە دەست جێف بێزۆسی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئەمازۆنەوەیە.







رووداو
Top