چین لەبارەی نەخۆشییەكی "مەترسیدارتر لە كۆرۆنا" هۆشداریدەدات
باڵیۆزخانەی چین لە كازاخستان لەبارەی نەخۆشییەكی "مەترسیدارتر لە كۆرۆنا" هۆشداریدەكات و كازاخستانیش رەتیدەكاتەوە نەخۆشی لەو شێوەیە لە وڵاتەكەدا هەبێت.
دوێنێ پێنجشەممە، باڵیۆزخانەی چین لە كازاخستان رایگەیاند، لەنێو ئەو وڵاتەدا نەخۆشییەكی نامۆی هەوكردنی سییەكان بڵاوبوەتەوە و لە پەتای كۆڤید-19 مەترسیدارترە.
نەخۆشییەكە پەلاماری سییەكان دەدات و توشی هەوكردنیان دەكات
لە راگەیەندراوەكەدا باڵیۆزخانەی چین داوای لە هاوڵاتیانی وڵاتەكەی كە لەناو كازاخستانن كردوە، بەپێی توانا خۆیان بپارێزن بەهۆی ئەوەی نەخۆشییەك بە ئاستێكی بەرفراون لە شارەكانی ئەتیرا، ئەكتۆبی، شیمكنت بڵاوبوەتەوە، كە پەلاماری سییەكان دەدات و توشی هەوكردنیان دەكات.
لە نیوەی یەكەمی ئەمساڵدا هەزار و 772 كەسی كوشتوە، 628 لەوانەش لە مانگی حوزەیراندا گیانیان سپاردوە
ئاماژەی بەوەشكردوە، لە نیوەی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵەوە بە شێوەیەكی بەرفراوان بڵاوبوەتەوە و نەخۆشییەكە نامۆیە، كە لە نیوەی یەكەمی ئەمساڵدا هەزار و 772 كەسی كوشتوە، 628 لەوانەش لە مانگی حوزەیراندا گیانیان سپاردوە، یەكێك لەو حاڵەتانەش هاوڵاتییەكی چینی بوە.
كۆی گشتی مردوانی ئەو نەخۆشییەی لە كازاخستان بڵاوبوەتەوە، زۆر زیاترە لە پەتای كۆرۆنا كە ئەویش پەلاماری سییەكان و كۆئەندامی هەناسە دەدات لەرێگەی خوێنەوە
باڵیۆزخانەی چین لە كازاخستان لەوبارەیەوە رونیشیكردوەتەوە، كۆی گشتی مردوانی ئەو نەخۆشییەی لە كازاخستان بڵاوبوەتەوە، زۆر زیاترە لە پەتای كۆرۆنا كە ئەویش پەلاماری سییەكان و كۆئەندامی هەناسە دەدات لەرێگەی خوێنەوە.
هیچ نەخۆشییەكی نامۆ و جۆرێكی نوێ لە نەخۆشیی هەوكردنی سییەكان لە وڵاتەكەدا بونی نییە و ئەو زانیارییانە سەرجەمیان هەواڵی ساختەن
لە بەرامبەردا، وەزارەتی تەندروستی كازاخستان وەڵامی چینی دایەوە و رایگەیاندوە، هیچ نەخۆشییەكی نامۆ و جۆرێكی نوێ لە نەخۆشیی هەوكردنی سییەكان لە وڵاتەكەدا بونی نییە و ئەو زانیارییانە سەرجەمیان "هەواڵی ساختەن".
ئەوەش لەكاتێكدایە ئەو وڵاتە كە دەكەوێتە ناوەندی كیشوەری ئاسیا، بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا و بڵاوبونەوەی دەناڵێنێت، بەوهۆیەوە لەم هەفتەیەدا رێكاری نوێ بۆ قەدەغەكردنی هاتوچۆ و داخستنی سنورەكان سەرلەنوێ گیرایەبەر.
خەندان-
