حکومەتی سووریا لەبەرامبەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی هۆشداری تووندی پێدەدرێت

حکومەتی سووریا لەبەرامبەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی هۆشداری تووندی پێدەدرێت
ئەنجوومەنی جێبەجێکاریی رێکخراوی قەدەخەکردنی چەکی کیمیایی بە زۆرینەی دەنگ بڕیاریدا کە رێکاری پێویست دژی حکومەتی سووریا بگرێتەبەر، ئەوەش بەهۆی بەکارهێنانی گازی کیمیایی لە شەڕی نێوخۆی ئەو وڵاتەدا.

بڕیارەکە بە پشتبەستن بە ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەک درا کە لە لایەن تیمێکی رێکخراوەکەوە ئەنجامدرابوو.

لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکەیاندا هاتووە، هێزی ئاسمانیی سووریا لە ئاداری ساڵی ٢٠١٧، شارۆچکەی لەتامینەیان لە پارێزگەی حەما بە گازەکانی سارین و کلۆر بۆردوومانکردووە.

هاوکات هەریەکە لە رووسیا، ئێران و چین دژی بڕیاری ئەنجوومەنی جێبەجێکاری رێکخراوی قەدەخەکردنی چەکی کیمیایی دەنگیاندا.

بڕیارەکە سووریا تۆمەتباردەکات بە پێشێڵکردنی پەیماننامەی قەدەخەکردنی چەکی کیمیایی.

پیتەر وێڵسن، نوێنەری بەریتانیا لە ئەنجوومەنەکە لە هەژماری تویتەری خۆی بڵاویکردەوە، بە پشتبەستن بە راپۆرتی تیمی لێکۆڵینەوە، "بە زۆرینەی رەها دەنگدرا کە سنوورێک بۆ بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دابنرێت".

بە گوێرەی نوێنەری فەڕەنسا لە ئەنجوومەنەکە، وڵاتانی ئەندام داوایان لە سووریا کردووە کە "دۆخەکە راستبکاتەوە"، هەروەها داوایان لە سەرۆکی ئەنجوومەنەکە کردووە کە راپۆرتێک لە بارەی دۆسیەی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە لایەن حکومەتی ئەو وڵاتە ئامادەبکات.

هەروەها بڕیاردرا کە دۆسیەکە بۆ کۆبوونەوەی ساڵانەی داهاتوو بەرزبکرێتەوە کە لە تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢١ بە بەشداری هەموو ئەندامانی رێکخراوی قەدەخەکردنی چەکی کیمیایی ئەنجامدەدرێت، "بۆ ئەوەی بڕیاربدرێت کە چ رێکارێک بگیرێتەبەر ئەگەر دۆخەکە راستنەکرایەوە."

جگە لەوەی کە سێ هاوپەیمانەکەی حکومەتی سووریا دەنگیان دژی بڕیارەکە دا، ٧ وڵاتی دیکە بێلایەن مانەوە و دەنگیان نەدا و ٢٩ وڵاتیش لە بەرژەوەندی بڕیارەکە دەنگیاندا.

راپۆرتی تیمی لێکۆڵینەوەی رێکخراوەکە بەو ئەنجامە گەیشتووە، دوو فڕۆکەی جەنگی حکومەتی سووریا ژمارەیەک بۆمبیان بە سەر شارۆچکەی لەتامینە بەرداوەتەوە کە گازی سارینیان تێدابووە و کۆپتەرێکیش بەرمیلێکی پڕ لە گازی کلۆر و تەقەمەنی بەسەر هەمان شارۆچکەدا بەرداوەتەوە.

تیمی لێکۆڵینەوەکە لە ساڵی ٢٠١٨ پێكهێنراوە وەکو وەڵامدانەوەیەک بۆ گوشارەکانی وڵاتە رۆژئاواییەکان بۆئەوەی ئەنجامدەرانی هێرشەکان بدۆزرێنەوە. لە رابردوودا ئەرکی رێکخراوەکە تەنها ئەوە بوو دیاریبکات کە ئایا هێرشی کیمیایی ئەنجامدراوە یان نا و دۆزینەوەی ئەنجامدەران بەشێک نەبوو لە ئەرکەکەی.

پێشتریش فێرناندۆ ئەریاس، سەرۆکی رێکخراوی قەدەخەکردنی چەکی کیمیایی رایگەیاندبوو، هەمان تیم بەدواداچوون بۆ هەندێ رووداوی دیکەش دەکات کە لە سووریا روویانداوە.

لە بەرامبەریشدا، دیمەشق و مۆسکۆی هاوپەیمانی، لە رابردوودا بەردەوام ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانیان رەتکردووەتەوە و جەختیان لەوە کردووەتەوە کە سیناریۆ بۆ هێرشە کیمیاییەکان دروستکراوە و وڵاتە رۆژئاواییەکانیان تۆمەتبارکرد بە بەسیاسیکردنی رێکخراوی قەدەخەکردنی چەکی کیمیایی. هەروەها حکومەتی سووریا رەتیدەکاتەوە، چەکی کیمیایی بەکارهێنابێت و جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەموو چەکی کیمیایی خۆی بەپێی رێککەوتنی ساڵی ٢٠١٣ لەناوبردووە؛ رێککەوتنەکە لە ساڵی ٢٠١٣ دوای ئەوە هات کە لە ئەنجامی هێرشێکی حکومەتی سووریا هەزار و ٤٠٠ کەس لە شارۆچکەی غوتە نزیک دیمەشق گیانیان لەدەستدا و گوماندەکرا گازی سارین لە هێرشەکەدا بەکارهێنرابێت.

رێکخراوی قەدەخەکردنی چەکی کیمیایی لە ٢٩ی نیسانی ساڵی ٢٠١٧ دامەزراوە و ئێستا ١٩٣ وڵات تێیدا ئەندامن و ئەنجوومەنە جێبەجێکارییەکەی کە ٤١ وڵات تێیدا بەشدارن، بە دەزگای بڕیاردەرکردنی رێکخراوەکە دادەنرێت. رێکخراوەکە لە ساڵی ٢٠١٣ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی وەرگرت.






رووداو
Top