جۆ بایدن: ئەگەر ببمە سەرۆک بڕیارە نوێیەکەی ترەمپ هەڵدەوەشێنمەوە

جۆ بایدن: ئەگەر ببمە سەرۆک بڕیارە نوێیەکەی ترەمپ هەڵدەوەشێنمەوە


رکابەری سەرۆکی ئێستای ئەمریکا لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی وڵاتەکەی رایدەگەیەنێت، کە ئەگەر ببێتە سەرۆک، بڕیارە نوێیەکەی ترەمپ هەڵدەوەشێنێتەوە.

جۆ بایدن، کاندیدی دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر)، رایگەیاندووە، ئەمریکییەکان زیاتر لە سەلامەتیدا دەبن، ئەگەر ئەمریکا لەناو رێکخراوی تەندروستیی جیهانیدا بێت.

بڕیارە لە مانگی 11ـی ئەمساڵ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەڕێوە بچێت و دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئێستای ئەمریکا هەوڵی بوونەوە بە سەرۆک دەدات و جۆ بایدنی کاندیدی دیموکراتەکانیش رکابەری دەکات.

جۆ بایدن هەروەها رایگەیاندووە، ئەگەر ببێتە سەرۆکی ئەمریکا، ئەوا بڕیاری ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ هەڵدەوەشێنێتەوە و ئەمریکا دەکاتەوە ئەندامی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی و رۆڵی رێبەرایەتیی وڵاتەکەی لەو رێکخراوە، وەردەگرێتەوە.

رۆژی سێشەممە 7-7-2020، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بە فەرمی کشانەوەی وڵاتەکەی لە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، راگەیاند.

لە سەرەتای سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆناوە، ترەمپ بەردەوام رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بە شاردنەوەی زانیارییەکان لەبارەی ئەو پەتایە، تۆمەتبار دەکات.

پەتای کۆرۆنا لە کۆتایی ساڵی رابردوو لە شاری وهان لە چین سەری هەڵدا و تا ئێستا 11 ملیۆن و 911 هەزار و 465 کەس لە سەرانسەری جیهان تووشی بوونە و لەو ژمارەیەشدا، 546 هەزار و 972 کەس گیانیان لەدەست داوە.

ئەمریکا زۆرترین تووشبووی پەتای کۆرۆنای هەیە و تا ئێستا سێ ملیۆن و 97 هەزار و 417 کەس لەو وڵاتە تووشی ئەو پەتایە بوون و لەو ژمارەیەشدا، 133 هەزار و 977 کەس گیانیان لەدەست داوە.








باسنيوز
Top