سەرۆکی بەرازیل تووشی کۆرۆنا بوو

سەرۆکی بەرازیل تووشی کۆرۆنا بوو
جاییر بۆڵسۆنارۆ، سەرۆکی بەرازیل کە پێشتر ڤایرۆسی کۆرۆنای بە "ئەنفلوەنزایەکەی بچووک" ناودەبرد، رایگەیاند، تووشی ڤایرۆسەکە بووە و تەندروستیی "زۆر باشە".

سەرۆکی بەرازیل لەسەرەتاوە لەگەڵ ئەو رێکارانە نەبوو بۆ رێگری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەگیرانەبەر و پێی وابوو کێشەی بەرازیل هەژاری و بێکارییە نەک کۆرۆنا. بۆڵسۆنارۆ دەڵێت "نیشانە سەرەتاییەکانی ڤایرۆسەکەی لەسەر دەرکەوتووە".

ڤایرۆسی کۆرۆنا بەشێوەیەکی خێرا بە وڵاتانی ئەمریکای لاتیندا بڵاودەبێتەوە. تاوەکو ئێستا لە بەرازیل ملیۆنێک و 628 هەزار و 283 تووشبووی ڤایرۆسەکە تۆمارکراون و 65 هەزار و 631 کەسیش گیانیان لەدەستداوە. بەرازیل دووەم وڵاتە لەدوای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ زۆرترین ژمارەی تووشبوون و گیانلەدەستدان.

جەیس بۆڵسۆنارۆ 38ـەمین سەرۆکی بەرازیلە، لە یەکی کانوونی دووەمی 2019ـەوە لە دەسەڵاتە، لە 21ـی ئاداری 1955 لە ساوپاولۆ لەدایکبووە.

لەگەڵ هەڵکشانی ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە ئەو وڵاتە، هەزاران خۆبەخشی بەرازیل ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ ئەوەی ڤاکسینی کۆرۆنایان لەسەر تاقی بکرێتەوە. ئێستا سەرۆکانی هەردوو پرۆژەی پەرەپێدانی ڤاکسین لە زانکۆی ئۆکسفۆردی ئەمریکا و کۆمپانیای سینۆڤاکی چینی دەستیانکردووە بە قۆناخی سێیەمی تاقیکردنەوەی ڤایرۆسەکە لەسەر تووشبووان.

مارگارێس دالکۆمۆ، تووێژەر لە رێکخراوی FIOCRUZ کە هاوکاریی بەرەوپێشچوونی ڤاکسینەکەی ئۆکسفۆرد دەکات دەڵێت "بەرازیل شوێنێکی باشە بۆ تاقیکردنەوەی ڤاکسیکی کۆرۆنا، چونکە هێشتا ڤایرۆسەکە زۆر چالاکە لەوێ".

سەرۆکی بەرازیل کە هەندێک جار پێی دەگوترێت "ترەمپی نموونەیی"، هەمان رێکارەکانی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لە وڵاتەکەی گرتووەتەبەر لە کەمکردنەوەی بەهای مەترسییەکانی ڤایرۆسەکە، دژبوون لەگەڵ راگەیاندنی قەدەخەی هاتووچۆ و پێشنیازکردنی بەکارهێنانی دەرمانی دژە مەلاریا.

بەمدواییانە بۆڵسۆنارۆ باشتر ئاگاداری دۆخی تەندروستی خۆی دەبوو، لە هەموو شوێنێک ماسکی دەبەستی، بەڵام بەبێ ماسک بەشداری لە ئاهەنگێک بەبۆنەی یادی سەربەخۆیی ئەمریکا کرد کە لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا بەڕێوەچوو.






رووداو
Top