ئەگەر زۆرە یەكێتیی ئەورووپا سزای ئابووری بەسەر توركیا بسەپێنێت

ئەگەر زۆرە یەكێتیی ئەورووپا سزای ئابووری بەسەر توركیا بسەپێنێت
وەزیری دەرەوەی یۆنان لە دیمانەیەكدا ئاشكرای كردووە ئەوان بەرەیەكی دیبلۆماسییان لەگەڵ قوبرس پێك هێناوە بۆ دژایەتیكردنی توركیا، چاودێرێكی سیاسیش پێی وایە تاكە رێگە لەبەردەم یەكێتیی ئەورووپا بۆ راگرتنی توركیا، سەپاندنی سزای ئابوورییە.

یۆنان و قوبرس دژی هەوڵی توركیان لە دەریای سپیی ناوەڕاست بۆ دۆزینەوەی گازی سروشتی، دەڵێن پێویستە یەكێتیی ئەورووپا رێگەی لێ بگرێت، بەڵام توركیا گوێیان پێ نادات و لەگەڵ لیبیا رێك كەوتووە تا بەشی خۆیان لە دەریای سپی ناوەڕاست بەدەست بهێێن.

ڤیكتۆر نادیان رایڤسكی شارەزا لە سیاسەتی ئابووریی نێودەوڵەتی، لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی (سپوتنك) پێی وایە سەركەوتووترین رێگە بۆ یۆنان و قوبرس، سەپاندنی سزای ئابوورییە لەلایەن یەكێتیی ئەورووپاوە بەسەر توركیادا.

ئەو دەڵێت: "دەمەوێت ئەوە بڵێم یۆنان و قوبرس لەڕووی سەربازییەوە ئەوەندە بەهێز نین تا بەرەیەك بۆ دژایەتیی توركیا پێک بهێنن، بەڵام هەردوو وڵات ئەندامی یەكێتیی ئەورووپان و رەنگە یەكێتیی ئەورووپا بە هانایانەوە بێت و سزای ئابووری بەسەر توركیا بسەپێنێت. بە بۆچوونی من سیناریۆی سەپاندنی سزای ئابووری بەسەر توركیا بەهێزە و رەنگە روو بدات".

ئەو رووسیا و ئێران بە نموونە دەهێنێتەوە، كە یەكێتیی ئەورووپا سزای ئابووری بەسەر سەپاندن، بۆیە توركیا لەو دوو وڵاتە بەهێزتر نییە تا یەكێتی ئەورووپا ئەو كارتەی دژ بەكار نەهێنێت.












باسنيوز


Top