زەریف: بەهای ئەو چەکەی ئەمریکا بە سعودیەی دەفرۆشێت سێ هێندەی بودجەی بەرگری ئێرانە
محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەهای ئەو چەکەی کە ساڵانە ئەمریکا بە سعودیەی دەفرۆشێت، سێ هێندەی بودجەی ساڵانەی بەرگری وڵاتەکەیەتی.
ئەو دوژمنکاریانەی سەرۆکەکانی پێشوی ئەمریکا بە نهێنی ئەنجامیاندەدا، ئێستا لەلایەن ترەمپەوە بە ئاشکرا ئەنجامدەدرێت
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو دوژمنکاریانەی کە لەماوەی دەسەڵاتی سەرۆکەکانی پێشوی ئەمریکا بە نهێنی ئەنجامدەدرا، ئێستا لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە ئاشکرا ئەنجامدەدرێت.
لەبارەی کەمکردنەوەی پابەندییەکانی تاران بە رێککەوتننامە ئەتۆمییەکە زەریف وتی، "ئەوەی کە وڵاتەکەی ئەنجامیداوە سەرپێچی نییە لە رێککەوتننامە ئەتۆمییەکە، بەڵکو لە چوارچێوەی رێککەوتننامەکە ئەنجامیداوە، ئەگەر وڵاتانی ئەوروپا پابەندبن بە رێککەوتننامەکەوە دەتوانرێت لە هەڵوەشانە بپارێزرێت.
لەمێژودا هیچ وڵاتێک هێندەی ئێران فشاری نەخراوەتەسە لەلایەن ئەمریکا و دەسەڵاتی ئیسرائیلەوە
وەزیری دەرەوەی ئێران ئەوەشی خستەڕو، "لەمێژودا هیچ وڵاتێک هێندەی ئێران فشاری نەخراوەتەسە لەلایەن ئەمریکا و دەسەڵاتی ئیسرائیلەوە".
ناوەڕاستی ساڵی 2018 واشنتن لە رێککەوتننامە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 کشایەوە و چەندین سزای ئابوری و سیاسی بەسەر ئێراندا سەپاند، بە مەبەستی داڕوخانی کەرتی ئابوری ئەو وڵاتە، لەبەرامبەردا تاران بە پێنج قۆناغ پابەندییەکانی بەڕێککەوتننامەکەوە کەمکردەوە
خەندان
