سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا نەخشەی هێزەکانی لە هەرێمی کوردستان بڵاودەکاتەوە
نەخشەکە ئەمڕۆ دووشەممە 06-07-2020 بڵاوکراوەتەوە و خاڵە سەربازییەکانی تورکیا لە سنووری سۆرانەوە لە باکووری رۆژهەڵاتی هەرێمی کوردستانەوە تاوەکو سنووری زاخۆ لە باکووری رۆژئاوای هەرێمی کوردستان لەخۆدەگرێت، هاوکات سێ خاڵی سەربازیشی لە نزیک هەولێر و باشیک و دهۆک دەستنیشان کردووە.
لە نەخشەکەدا بە هەمان شێوە ئەو شوێنانە دیاریکراون کە وڵاتی تورکیا بە ناوچەی ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سەر بە پارتیی کرێکارانی کوردستان دایناون.
بەپێی نەخشەکە، هەموو ئەو شوێنانەی کە هێزەکانی پەکەکە تێیاندا جێگیرن، جگە لە چیای قەندیل و خاڵێک لە نزیک قەڵادزێ و شنگال و کامپی مەخموور، بوونەتە ناوچەی شەڕی راستەوخۆ و هێزەکانی تورکیا تێیاندا جێگیرکراون.
رووداو
