سوپای تورکیا لە بنکەیەکی سەربازیی لیبیا دەکشێتەوە
سوپای تورکیا دوای بۆردومانکردنیان، لە بنکەیەکی سەربازیی ئاسمانی لە لیبیا، دەکشێتەوە.
رۆژی یەکشەممە 5-7-2020، سوپای نیشتمانیی لیبیا رایگەیاند، سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی هۆک و سیستەمی تەشویشی کۆرالیان لە بنکەی سەربازیی ئاسمانیی ئەلوەتییە لە باشووری رۆژئاوای تەڕابلوس، بە نۆ هێرشی ئاسمانی، تێک شکاندووە.
ئەمڕۆ دووشەممە 6-7-2020، کەناڵی (ئەلعەرەبییە) لە زری سەرچاوە لۆکاڵییەکانی لیبیا بڵاوی کردووەتەوە، کە سوپای تورکیا زیانێکی زۆری مرۆیی و سەربازی پێگەیشتووە و دەستی بە کشاندنەوەی هێزەکانی لە بنکەی سەربازیی ئاسمانیی ئەلوەتییە کردووە.
تورکیا لەلایەن پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە)، کە پارتێکی سەر بە رەوتی ئیخوان موسلیمینە، بەڕێوە دەبرێت بە ناردنی چەک و چەکدار و واژۆکردنی گرێبەستی ئابووریی و ئەمنی، هاوکاریی حکوومەتی ویفاقی نیشتمانیی لیبیا دەکات، کە ئەو حکوومەتەی لیبیا لەلایەن سەرکردەکانی ئیخوان موسلیمین پێکهێنراوە و لەگەڵ سوپای نیشتمانیی وڵاتەکەی تووشی شەڕی ناوخۆیی بووە.
وڵاتانی سعودیە، ئیمارات، میسر و بەحرێن، کە ئیخوان موسلیمینیان خستووەتە ناو لیستی تیرۆرەوە، پاڵپشتیی سوپای نیشتمانیی لیبیا دەکەن.
باسنیوز
