تورکیا: تاوەکو لە عێراقەوە هێرشمان بکرێتەسەر، لە بەرگریکردن بەردەوام دەبین
حامی ئاکسۆی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا وەڵامی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دەرەوەی عێراقی لە رێگەی راگەیێنراوێکەوە دایەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوە دا، "ئێمە پێشتر وەڵامی پێگەکانی عێراقمان دابووەوە لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکانی چڕنووک دژی رێکخراوی تیرۆرستیی پەکەکەی دەست بە خوێن کە عێراقی کردووەتە مۆڵگەی خۆی. لەمبارەیەوە چەند روونکردنەوەیەکی تازە و بێبنەما لەلایەن پێگەکانی عێراقەوە هاتوون".
ئاکسۆی باسی لەوە کرد، "جارێکی دیکە ئەمە بەبیر دەخەینەوە کە ئامادەی هاوئاهەنگیین بۆ بەرەنگاربوونەوەیەکی هاوبەشانە دژی پەکەکە کە ئاسایشی عێراقیشی خستووەتە ژێر هەڕەشە و پێشێلی سەروەرییەکەی کردووە".
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا جەختی لەوە کردەوە، "تا ئەو کاتەی ئەم چاوەڕوانییە بەبێ وەڵام بمێنێتەوە، تورکیا لە دژی هەر چالاکییەکی رووخێنەر کە لە خاکی عێراقەوە دەکرێتە سەر سنوور، ئاسایش و سەقامگیرییەکەی، لە چوارچێوەی یاسای بەرگریلەخۆکردنی نێودەوڵەتیی رەوادا پێداگر دەبێت لەسەر گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست".
رووداو
