یاسایەکی نوێ لە دوبەی رێگە بۆ خزمەتگوزاریی تەکسیی ئاسمانی خۆش دەکات

یاسایەکی نوێ لە دوبەی رێگە بۆ خزمەتگوزاریی تەکسیی ئاسمانی خۆش دەکات
لە چوارچێوەی پرۆژەی "گومەزی ئاسمان"ـدا ئیمارات یاسایەکی نوێی دەرکردووە بۆ کاری فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان و تەکسیی ئاسمانی، بەوەش هەنگاوێک نزیکتر دەبێتەوە لەوەی شار و باڵەخانەکان لە رێگەی ئاسمانەوە بە یەکدییەوە ببەستێتەوە.

محەممەد بن راشد ئالمەکتووم، جێگری سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی ئیمارات کە هاوکات حاکمی دووبەیە، یاساکەی دەرکردووە.

پرۆژەی "گومەزی ئاسمان" بەشێوەیەکە کە ئاسمانی دووبەی ئامێری فڕیو بەخۆوە دەبینێت و لە رێگەیەوە باڵەخانە و شار و فڕۆکەخانە بچووکەکانی شارەکان پێکەوە دەبەستێتەوە.

یاسا نوێیەکە رێگەخۆشکەر دەبێت بۆ ئەوەی لە داهاتوودا فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بۆ خزمەتگوزاریی وەکو تەکسیی فڕیو و گەیاندن (دیلیڤەری) بەکاربهێنرێن.

بەرپرسانی دوبەی ئاماژە بەوە دەکەن، یاساکە بۆ بووژانەوەی ئابووریی دوبەی یارمەتیدەر دەبێت.

سیستەمی گواستنەوەی درۆن (فڕۆکەی بێفڕۆکەوان) بە زۆری بۆ گەیاندنی کەلوپەل، گواستنەوەی سەرنشین، رووپێوی و وێنەگرتن بەکاردەهێنرێت؛ یاسا نوێیەکەش یارمەتیی پێگەی دوبەی دەدات وەکو ناوەندێکی دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و گوێزەرەوەی زیرەک بمێنێتەوە.

لە ساڵی 2017دا دوبەی تاقیکردنەوەی بۆ یەکەمین تەکسیی ئاسمانی کردووە.






رووداو
Top