نەتەوەیەکگرتووەکان: کەرتی گەشتیاری زیانی 3.3 تریلیۆن دۆلاری بەردەکەوێت

نەتەوەیەکگرتووەکان: کەرتی گەشتیاری زیانی 3.3 تریلیۆن دۆلاری بەردەکەوێت
تاوەکو دێت کاریگەریی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر کەرتی گەشتیاری زیاتر دەرکەوێت. پێشبینیدەکرێت ئەگەر بێتو بۆ ماوەی ساڵێک رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەلایەن وڵاتانەوە بەردەوام بێت، کەرتی گەشتیاری لە ئاستی جیهاندا 3.3 تریلیۆن دۆلار زیانی بەربکەوێت.

رێکخراوی گەشتیاریی جیهانی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان (UNCTAD) راپۆرتێکی نوێی لەبارەی کاریگەری ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر کەرتی گەشتیاری بڵاوکردەوە. راپۆرتەکە سێ سیناریۆی لەبارەی داهاتووی گەشتیارییەوە خستووەتەڕوو و هەرسێ سیناریۆکەش باس لە زیانێکی گەورە لەو کەرتە دەکەن، بەڵام قووڵیی زیانەکان پەیوەستە بە درێژیی ماوەی رێگریکردن لە گەشتکردنی گەشتیاران.

رێکخراوی گەشتیاریی جیهانیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە سینارۆیۆی یەکەمدا ئاماژەی بەوە داوە، ئەگەر بێتو رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ ماوەی چوار مانگ بەردەوام بن، کەرتی گەشتیاری زیاتر لە 1.2 تریلیۆن دۆلار زیان دەکات و زیانی 1.5٪ لە کۆی بەرهەمی ناوخۆی وڵاتان دەدات.

لە سیناریۆی دووەمدا ئاژانسەکە دەڵێت، ئەگەر رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنا زیاتر لە چوار مانگ بخایەنن، ئاستی زیانەکان دەگاتە 2.2 تریلیۆن دۆلار و زیانی کۆی بەرهەمی ناوخۆی وڵاتان دەگاتە 2.8٪.

بە گوێرەی خراپترین سیناریۆ کە بەلای ئەو ئاژانسەی نەتەوەیەکگرتووەکان ئەگەری روودانی هەیە و ئەگەر بێتو بۆ ماوەی 12 مانگ گەشتە نێودەوڵەتییەکان بووەستن، ئەوا 3.3 تریلیۆن دۆلار زیان بەر پیشەسازیی گەشتیاری دەکەوێت کە یەکسانە بە زیانی 4.2٪ی کۆی بەرهەمی ناوخۆی جیهان.

لە کاتێکدا کەرتی گەشتیاری سەرچاوەیەکی گرنگی دەستەبەرکردنی هەلی کار و داهاتە بۆ حکومەتی وڵاتان، بە گوێرەی ئاژانسی گەشتیاریی جیهانیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ئاستی وڵاتاندا لەبەرامبەر هەر یەک ملیۆن دۆلاری لەدەستچوو لە داهاتی گەشتیاریی نێودەوڵەتی، سێ ملیۆن دۆلار زیان بەر داهاتی ناوخۆی وڵاتان دەکەوێت. هاوکات مەترسیی جیددی لەسەر گوزەرانی خەڵک لە وڵاتە تازە گەشکردووەکان دروستدەکات.

بە گوێرەی گەشبینترین سیناریۆ ئابووریی وڵاتانی وەک جامایکا و تایلەند بە رێژەی 11٪ و 9٪ پاشەکشە دەکات. کرواتیاش یەکێک دەبێت لەو سێ وڵاتەی زۆرترین زیانی بەردەکەوێت و کۆی بەرهەمی ناوخۆی بە رێژەی زیاتر لە 8٪ پاشەکشە دەکات.

لە راپۆرتەکەی ئاژانسەکەی نەتەوەیەکگرتووەکاندا ئاماژەوە بەوە دراوە، وڵاتانی پێشەنگ لە رووی ئابوورییەوە لە زیانەکان بێبەش نابن.

راپۆرتەکە پێشبینی دەکات لە سیناریۆی مامناوەنددا ئەمریکای خاوەن گەورەترین ئابووریی جیهان زیانی 187 ملیار دۆلاری لە کەرتی گەشتیاری پێبگات و چینی دووەم گەورەترین ئابووریی جیهانیش 105 ملیار دۆلار زیان بکات. وڵاتە گەشتیارییەکانی وەک تایلەند، فەرەنسا و ئەڵمانیاش هەریەکەیان نزیکەی 47 ملیار دۆلار لە کۆی بەرهەمی ناوخۆیان کەمدەبێتەوە.

بە گوێرەی راپۆرتی پێشووی "UNCTAD" لە جیاتی ئەوەی مانگی نیسان ببێتە وەرزی گەشانەوەی گەشتیاری، ئەو مانگە بووەتە کارەساتبار و ژمارەی گەشتیارە نێودەوڵەتییەکان لەو مانگەدا 97٪ دابەزیوە. بە گوێرەی ئەو رێکخراوە ئاماری رێژەی گەشتیاریی مانگی نیسان بەراورد بە مانگی ئادار بە رێژەی 40٪ دابەزیوە.

ئەو ئاژانسە ئاماژەی بەوە دابوو، "لەنێوان مانگی کانوونی دووەم و مانگی نیسانی ساڵی 2020دا ژمارەی گەشتیارە نێودەوڵەتییەکان بە رێژەی 44٪ پاشەکشەی کردووە و کۆی زیانەکانیش نزیکەی 200 ملیار دۆلارە" .

پێشتر رێکخراوی گەشتیاریی جیهانیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ئەنجامی لێکدانەوە بۆ کاریگەریی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر کەرتی گەشتیاری رایگەیاندبوو، بەهۆی بەربەستەکانی گەشتکردنەوە کەرتی گەشتیاری لەنێوان 910 ملیار دۆلار بۆ 1.2 تریلیۆن دۆلار زیانی بەردەکەوێت، هاوکات 120 ملیۆن کاریش دەخاتە مەترسییەوە.







رووداو
Top