سوپای لیبیا رێککەوتنی تورکیا و حکوومەتی وڵاتەکەی رەت دەکاتەوە

سوپای لیبیا رێککەوتنی تورکیا و حکوومەتی وڵاتەکەی رەت دەکاتەوە
سوپای لیبیا رێککوتنی تورکیا و حکوومەتی وڵاتەکەی رەت دەکاتەوە بە هەوڵێکی ئیخوان موسلیمین بۆ دەست بەسەرداگرتنی لیبیای دادەنێت.

ئەمڕۆ شەممە 4-7-2020، عەمید خالید مەحجوب، فەرماندەیەکی سوپای نیشتمانیی لیبیا بە (سکای نیوز)ی راگەیاندووە، سوپا ئامادەیە رووبەڕووی تورکیا و میلیشیاکانی ببێتەوە.

عەمید خالید مەحجوب هەروەها رایگەیاندووە، ئەوە رێککەوتن نییە، بەڵکو کۆمەڵێک فەرمانی تورکیان و بەسەر حکوومەتی لیبیادا سەپێندراون.

بەپێی زانیارییە میدیاییەکان، خوڵوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا رۆژی هەینی 3-7-2020 سەردانی تەڕابلوسی پایتەختی لیبیای کردووە و لەگەڵ حکوومەتی ئەو وڵاتە لەسەر دامەزراندنی بنکەی مەشقی سەربازی بۆ چەکدارانی حکوومەتی لیبیا، رێککەوتووە.

تورکیا لەلایەن پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە)، کە پارتێکی سەر بە رەوتی ئیخوان موسلیمینە، بەڕێوە دەبرێت بە ناردنی چەک و چەکدار و واژۆکردنی گرێبەستی ئابووریی و ئەمنی، هاوکاریی حکوومەتی ویفاقی نیشتمانیی لیبیا دەکات، کە ئەو حکوومەتەی لیبیا لەلایەن سەرکردەکانی ئیخوان موسلیمین پێکهێنراوە و لەگەڵ سوپای نیشتمانیی وڵاتەکەی تووشی شەڕی ناوخۆیی بووە.

وڵاتانی سعودیە، ئیمارات، میسر و بەحرێن، کە ئیخوان موسلیمینیان خستووەتە ناو لیستی تیرۆرەوە، پاڵپشتیی سوپای نیشتمانیی لیبیا دەکەن.













باسنيوز


Top