کیم جۆنگ ئون بە مەرج لەگەڵ ترەمپ کۆ دەبێتەوە
سەۆکی کۆریای باکوور بە مەرج دەست بە کۆبوونەوە و دانوستاندنەکانی لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا دەکات.
ئەمڕۆ شەممە 4-7-2020، چون سون هوی، جێگری وەزیری دەرەوەی کۆریای باکوور لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بە کۆبوونەوەی لەگەڵ کیم جۆنگ ئونی سەرۆکی کۆریای باکوور، ”دەستکەوت لە بواری سیاسەتی دەرەوە بەدەست دەهێنێت“.
چون سون هوی هەروەها رایگەیاندووە، ئەگەر ئیدارەی ئەمریکا ”سیاسەتی دوژمنکارانە“ بەرامبەر کۆریای باکوور رانەگرێت، ئەوا جارێکی دیکە کیم جۆنگ ئون لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کۆ نابێتەوە.
کیم جۆنگ ئون و دۆناڵد ترەمپ دوو جارە (جارێک لە سەنگافورە لە مانگی 6ـی 2018 و جارێک لە هانۆی پایتەختی ڤێتنام لە مانگی 2ـی 2019)، کۆبوونەتەوە و جارێکیش لەسەر سنووری نێوان هەردوو کۆریای باشوور و باکوور، چاویان بە یەکتر کەوت.
لە سەردەمی جەنگی جیهانیی دووەمدا (1939-1945)، سوپای یابان دەستی بەسەر باشووری نیمچە دوورگەی کۆریادا گرت و سوپای رووسیاش دەستی بەسەر باکووری نیمچە دوورگەکەدا گرت. دوای کۆتایی هاتنی جەنگەکەش، هەر یەکە لەو دوو بەشە، بوونە وڵاتێکی سەربەخۆ، بەشە باکوورییەکە چووە ناو بەرەی یەکێتیی سۆڤیەت (رووسیای ئێستا) و بەشە باشوورییەکەش چووە ناو بەرەی یابان و ئەمریکا.
رژێمی کۆریای باکوور، کە ئێستا کیم جۆنگ ئون سەرۆکایەتیی دەکات، گوێڕایەلی هیچ یاسا و رێککەوتنێکی نێودەوڵەتی نابێ و بەردەوامە لە پەرەپێدانی چەکە ناوەکی و مووشەکە دوور هاوێژەکانی، بەهۆی ئەو بەردەوامبوونەشی، دەیان گەمارۆی سیاسی، ئابووریی و دیپلۆماسی لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و ئەمریکاوە خراوەتە سەر.
باسنيوز
