سەرۆک کۆماری ئێران: لە سبەینێ یەکشەممەوە بەیاسا هاوڵاتیان پابەند دەکرێن بە بەستنی دەمامک
سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند، لە سبەینێ یەکشەممەوە بەیاسا هاوڵاتیان پابەند دەکرێن بە بەستنی دەمامک لە فەرمانگە حکومی و شوێنە داخراوەکاندا.
حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران لەمیانەی کۆبونەوەی لەگەڵ لیژنەی بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنا لە وڵاتەکە رایگەیاند، داوا لە سەرجەم فەرمانگە حکومی و تایبەتەکانی وڵاتەکە کردوە، لە سبەینێوە هیچ خزمەتگوزارییەک بۆ هاوڵاتیان ئەنجامنەدرێت، ئەگەر دەمامکی نەبەستبێت، هەروەها هەر کارمەندێکیش بەبێ دەمامک دەوام بکات بە "نەهاتو" هەژمار دەکرێت.
توشبون بە کۆرۆنا جێگەی شەرمەزاری نییە، پێویستە هاوڵاتیان لەکاتی توشبونیان بە پەتاکە بڵاویبکەنەوە بەبێ هەستکردن بە شەرم
ئاماژەی بەوەشکرد، توشبون بە کۆرۆنا جێگەی شەرمەزاری نییە، پێویستە هاوڵاتیان لەکاتی توشبونیان بە پەتاکە بڵاویبکەنەوە بەبێ هەستکردن بە شەرم، راگەیاندنی توشبونیان بە کۆرۆنا ئەرکێکی ئاینییە.
رۆحانی هۆشداریشیدا لەوەی هەر شوێنی کارێک پابەندی پڕۆتۆکۆڵی تەندروستی نەبێت، بۆ ماوەی هەفتیەک شوێنی کارەکە دادەخرێت، پێویستە هاوڵاتیانیش پابەند بن بە پاراستنی ماوەی کۆمەڵایەتی و بەستنی دەمامک و خۆپاراستن لە شوێنە قەڵەباڵغەکان.
لەدوای یەکی (ئایار/5)ی ئەمساڵەوە ئاماری توشبوان و مردوانی کۆرۆنا بەردەوام روی لە زیادبون کردوە، تا ئێستا 235 هەزار و 429 توشبوی ڤایرۆسەکە لە وڵاتەکە تۆمارکراون، لەو ژمارەیەش 11 هەزار و 260 کەس گیانیانلەدەستداوە.
خندان
