ئێران داوا لە ئەمریكا دەكات بەهۆی "تاوانێك" 32 ساڵ لەمەوبەر رویداوە، داوای لێبوردن بكات
پێگەی فەرمیی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە تویتەر بڵاویكردوەتەوە، 32 ساڵ لەمەوبەر ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا "بەمەبەست" فڕۆكەیەكی گەشتیاریی ئێرانی خستوەتەخوارەوە، كە تێیدا 290 كەس كوژران.
ئاماژەی بەوەشكردوە، وێڕای ئەنجامدانی ئەو كارە، تا ئێستا ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا داوای لێبوردنی نەكردوە و شەرمی نەكردوە لە ئەنجامدانی.
لە تویتەكەدا وەزارەتی دەرەوەی ئێران پرسیویەتی "مافەكانی مرۆڤ لای ئەمریكا لەكوێیە؟"، هەر خۆی وەڵامی پرسیارەكەی داوەتەوە و نوسیویەتی "پابەندبونی بە كوشتنی مرۆڤەكانەوە".
باسی لەوەشكردوە، كەنداوی فارسی لەمێژە شایەتحاڵی تاوانەكانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكایە لە ناوچەكەدا.
لە تویتەكەشدا، وێنەیەك هاوپێچ كراوە و ژمارەی قوربانیانی روداوەكەی خستوەتەڕو، بەگوێرەی ئامارەكە 66 منداڵ و 53 خانم، لەگەڵ 46 هاوڵاتی بیانی لەنێو قوربانییەكاندا هەبوە.
خەندان-
