ئەردۆغان هەوڵی داخستنی سۆشیال میدیا دەدات

ئەردۆغان هەوڵی داخستنی سۆشیال میدیا دەدات


سەرکۆماری تورکیا هەوڵ دەدا پرۆژەیاسایەک بۆ داخستنی سۆشیال میدیا لە تورکیا، ئامادە بکات.

بەپێی هەواڵی میدیاکانی تورکیا، رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرکۆماری تورکیا لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ وەزیرانی حکوومەتەکەی، رایگەیاندووە، دەبێ پرۆژەیاسایەک بۆ داخستن یان کۆنترۆڵکردنی سۆشیال میدیا دابڕێژن.

توڕەبوونی ئەردۆغان لە سۆشیال میدیا، هەروەک میدیا تورکییەکان باسی دەکەن، بەهۆی دەربڕینی قسەی نەشیاو و سووکایەتییە بە کچێکی ئەو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.

چەند رۆژێك بەر لە ئێستا، كچێكی ئەردۆغان منداڵی بوو و وێنەی منداڵەكەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی (تویتەر) و (فەیسبووک) بڵاو کردەوە و دواتر ژمارەیەک بەکارهێنەری ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییانە، قسەی نەشیاو و سووکایەتییان بە کچەکەی ئەردۆغان و منداڵەکەی، کرد.

ئەو هەڵوێستەی سەرکۆماری تورکیا لەبارەی سۆشیال میدیاوە بووەتە هۆی ناڕەزایی هاووڵاتییانی تورکیا، کە ترسیان هەیە ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییانە لە وڵاتەکەیان دابخرێن.

گۆكهان ئاهی، یاساناس، لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ رادیۆی (RS)_ی توركی، ئاماژەی بەوە داوە، كە ئەردۆغان لەڕووی یاساییەوە ناتوانێت سۆشیال میدیا دابخات، بەڵام ”ئەگەر بە میزاج هەڵسوكەوت بكات، دەتوانێت“.

گۆكهان پێیوایە ئەستەمە ئەردۆغان بتوانێ سۆشیال میدیا لە تورکیا دابخات، چونکە زۆرینەی بەکارهێنەرانی ئەو تۆڕانە لە تورکیا گەنجن و لە ئەردۆغان و پارتەکەی (پارتی داد و گەشەپێدان) هەڵدەگەڕێنەوە.






باسنیوز
Top