ماوەی سەرۆکایەتیی ڤلادیمێر پوتین تا 16 ساڵی دیکە درێژ دەکرێتەوە

ماوەی سەرۆکایەتیی ڤلادیمێر پوتین تا 16 ساڵی دیکە درێژ دەکرێتەوە


هاووڵاتییانی رووسیا ماوەی سەرۆکایەتیی سەرۆکی ئێستای ولاتەکەیان تا 16 ساڵی دیکە، درێژ دەکەنەوە.

رۆژی 25-6-2020، دەنگدانی هاووڵاتییانی رووسیا بە هەمواری دەستووری وڵاتەکەیان دەستی پێکرد و بۆ ماوەی حەوت رۆژ (تا رۆژی چوارشەممە 1-7-2020)، بەردەوام بوو.

بەپێی ئەنجامە سەرەتاییەکان، زۆرینەی هاووڵاتییانی رووسیا هەمواری دەستووری وڵاتەکەیان پەسەند کردووە، کە کاریگەریی بەسەر باشتربوونی باروۆدخی ژیانی هاووڵاتییانیش دەبێت.

بەپێی زانیارییە میدیاییەکان، تا ئێستا یەک لەسەر سێی دەنگەکان جیاکراونەتەوە و دەرکەوتووە، زۆرینەی دەنگدەران (%74ـی بەشداربووان) هەمواری دەستوورەکەیان پەسەند کردووە.

هەمواری دەستوور، کە چەندین بڕگە لەخۆ دەگرێت، دوای راگەیاندنی ئەنجامی راپرسییەکە، ئەگەر زیاتر لە %50ـی هاووڵاتییان بە رازی بوون دەنگیان پێدابوو، دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

بەپێی هەمواری دەستوورەکە، ئەو ماوەیەی ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی رووسیا بووە دەسڕدرێتەوە و دەتوانێ بۆ دوو خولی دیکەی لەسەر یەک (هەر خولێک شەش ساڵە)، سەرۆکایەتیی وڵاتەکەی بکاتەوە.

پوتین، کە لە ساڵی 1952 لە شاری لینینگراد لەدایک بووە، دوای دەست لەکارکێشانەوەی بۆریس یەڵسن لە سەرۆکایەتیی یەکێتیی سۆڤیەت لە کۆتایی مانگی 12ـی ساڵی 1999، بە دوو شێواز سەرۆکایەتیی وڵاتەکەی گرتووەتە دەست.

- لە ساڵەکانی 2000 تا 2008 (دوو خول)، سەرۆک کۆماری رووسیا بوو.

- لە ساڵی 2008 تا 2012 دیمیتری میدڤیدیڤ سەرۆکی رووسیا بوو و پوتین بە هەموو دەسەڵاتەکانی سەرۆکی رووسیاوە، سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە بوو.

- لە ساڵی 2012 و دواتریش لە ساڵی 2018 بە سەرۆکی رووسیا هەڵبژێردرایەوە و تا ساڵی 2024 سەرۆکی وڵاتە.

- بە پەسەندکردنی ئەو هەموارە لەلایەن گەلی رووسیاوە، پوتین دەتوانێ بۆ دوو خولی دیکە و تا ساڵی 2036، سەرۆکایەتیی رووسیا بکات.









باسنیوز
Top