پێلۆسی : پێویستە لەسەرمان سزای روسیا بدەین و ئەو كارەش دەستبەجێ ئەنجامبدەین

پێلۆسی :  پێویستە لەسەرمان سزای روسیا بدەین و ئەو كارەش دەستبەجێ ئەنجامبدەین
سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران لە كۆنگرێسی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا، داوادەكات دەستبەجێ سزا بەسەر روسیادا بسەپێندرێت بەهۆی ژمارەیەك راپۆت كە باس لە پشتگیری ئەو وڵاتە دەكات لە رێكخراوی تاڵیبان.

پێویستە لەسەرمان سزای روسیا بدەین و ئەو كارەش دەستبەجێ ئەنجامبدەین

نانسی پێلۆسی، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران لە كۆنگرێسی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لەمیانی چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵی تەلەڤزیۆنیی "ئێم ئێس ئێن بی سی" دوێنێ چوارشەممە وتی "پێویستە لەسەرمان سزای روسیا بدەین و ئەو كارەش دەستبەجێ ئەنجامبدەین".

دەزگای هەواڵگریی وڵاتەكەی زانیارییان پێنەداوە

وتەكانی پێلۆسی دوای ئەوەدێت دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا رایگەیاند، دەزگای هەواڵگریی وڵاتەكەی زانیارییان پێنەداوە لەبارەی "دەستخۆشیكردن و بەخشینی دیاری" لەلایەن روسیاوە بە رێكخراوی چەكداریی تاڵیبان.

بەگوێرەی بەشێك لە زانیارییە بڵاوكراوەكان، روسیا هەستاوە بە "خەڵاتكردنی تاڵیبان" لە بەرامبەر كوشتنی سەربازانی ئەمریكا لە ئەفغانستان.

گومانیان هەیە

هاوكات ژمارەیەك لە ئەندامانی كۆنگرێس سەر بە كۆمارییەكان لەبارەی راستی و دروستیی ئەو راپۆرتانە رایانگەیاندوە "گومانیان هەیە"، دوای ئەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریكی تاوتوێیان كردوە.

روسیا پارەی داوەتە تاڵیبان لە بەرامبەر كوشتنی سەربازانی ئەمریكیدا

لەلایەكی دیكەوە، كۆشكی سەرۆكایەتی روسیا ئەو راپۆرتەی بە "بێواتاییەكی تەواو" ناوبرد، كە رۆژنامەی نیویۆرك تایمز-ی ئەمریكی بڵاویكردوەتەوە و تێیدا هاتوە "روسیا پارەی داوەتە تاڵیبان لە بەرامبەر كوشتنی سەربازانی ئەمریكیدا".

رێكخراوی تاڵیبانیش لە ئەفغانستان لای خۆیەوە راستی و دروستی ئەو راپۆرتەی رەتكردەوە.








خەندان
Top