یونسکۆ سەبارەت بە گۆڕینی کەنیسەی ئایا سۆفیا بۆ مزگەوت، هۆشداریدەدات بە تورکیا
ئاگادارین کە ئەردۆگان بەڵێنێکی لەو جۆرەی بە هاوڵاتیانی داوە
ئێرنێستۆ ئۆتۆنی رامیرێز، یاریدەدەری بەریوەبەری گشتی یونسکۆ رایگەیاند، سەبارەت بە هەوڵی گۆڕینی کەنیسەی ئایا سۆفیا بۆ مزگەوت و پەرستگای مسوڵمانان، بەدواداچونمان کردوە، ئاگادارین کە رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆک کۆماری تورکیا بەڵێنێکی لەو جۆرەی بە هاوڵاتیانی داوە.
سەبارەت بەو هەنگاوە نامەیەکیان ئاراستەی دەسەڵاتداران و بەرپرسانی پەیوەندیداری تورکیا کردوە
ئاماژەی بەوەشدا، سەبارەت بەو هەنگاوە نامەیەکیان ئاراستەی دەسەڵاتداران و بەرپرسانی پەیوەندیداری تورکیا کردوە، بەڵام هیچ وەلامێکیان لەو باریەوە پێنەدراوەتەوە.
دەبێت لە پێشدا بەرپرسانی یونسکۆ لەناوخۆی تورکیادا ئاگادار بکرێنەوە
یاریدەدەری بەریوەبەری گشتی یونسکۆ جەخت لەوە دەکاتەوە، کەنیسەی ئایا سۆفیا بەشێکە لە شوێنەوارە دێرینەکانی یۆنسکۆ و بۆ گۆرینی پێگە کۆمەڵایەتیەکەی دەبێت لە پێشدا بەرپرسانی یونسکۆ لەناوخۆی تورکیادا ئاگادار بکرێنەوە.
بۆ گۆڕینی کەنیسەکە بۆ مزگەوت دەبێت سەرەتا یۆنان رەزامەند بێت
یۆنسکۆ لە بەیاننامەیەکیدا هۆشداریداوە بە تورکیا لەو هەنگاوە، دەشڵێت" ئایاسۆفیا بەشێکە لە شوێنەواری مێژویی یۆنان بەرلە داگیرکردنی قوستەنتەنیە لەلایەن سوڵتان فاتیح و بە شوێنەوارێکی مەسیحیەت ئەژماردەکرێت، بۆ گۆڕینی کەنیسەکە بۆ مزگەوت دەبێت سەرەتا یۆنان رەزامەند بێت".
ئایاسۆفیا یان ھاجیا سۆفیا کەنیسەیەکی کۆنی ئایینی مەسیحییەتە کە لە دوای داگیر بونی ئیستانبوڵ بە دەستی ئیمپراتۆریەتیی عوسمانی کرا بە مزگەوت، ئایاسۆفیا لە ساڵی 1935ەوە وەکو مۆزەخانە بە کاردێت، ئایاسۆفیا هەمیشە بە جوانترین باڵەخانەی مێژویی ناوزەند دەکرێت ، لەساڵی 2014 پاپا فرانسیس لەمیانی سەردانی بۆ تورکیا سەردانی ئایا سۆفیاشی کرد ، داوای دوبارە بونەوەی بە کەنیسەی کرد.
خەندان-
