یەکێتی ئەوروپا: دەمانەوێت لەبارەی پرسی کۆچبەرانەوە لەگەڵ تورکیادا متمانە دروستبکەینەوە

 یەکێتی ئەوروپا: دەمانەوێت لەبارەی پرسی کۆچبەرانەوە لەگەڵ تورکیادا متمانە دروستبکەینەوە

گەورە دیپلۆماتکارێکی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، وڵاتانی ئەوروپا دەیانەوێت متمانە لە نێوان خۆیان و تورکیا بنیادبنێنەوە، کە بەهۆی پرسی کۆچبەرانەوە لەدوای مانگی ئازاری ئەمساڵەوە تێکچوە.

دەبێت کار بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانمان و گەرانەوەی متمانە لەنێوان تورکیا و وڵاتانی ئەوروپادا لەبارەی پرسی پەنابەران بکەین


جۆزێپ بۆریل، بەرپرسی سیاسەتەکانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لەمیانی سەردانەكەیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی یۆنان بۆ ناوچە سنورییەکانی نێوان یۆنان و تورکیا رایگەیاند، "دەبێت کار بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانمان و گەرانەوەی متمانە لەنێوان تورکیا و وڵاتانی ئەوروپادا لەبارەی پرسی پەنابەران بکەین".

ئەوەشی خستەڕو، یەکێتی ئەوروپا سورە لەسەر پاراستنی سنورەکانی و پشتگیریی لە سەروەری دەسەڵاتی یۆنان دەكات.

پرسی کۆچبەران تاکە کێشەی نێوان تورکیا و ئەوروپا نییە، بەڵکو لەبارەی چەندین دۆسییەی دیکەوە ناکۆکن، لەوانەش دیارییکردنی سنورە ئاوییەکانی نێوانیان


لەلایەکی دیکەوە نیکۆس دندیاس، وەزیری دەرەوەی یۆنان رایگەیاند، هەوڵەکانی تورکیا بۆ هەڕەشەکردن لە وڵاتانی ئەوروپا لەڕێگەی ناردنی کۆچبەرانەوە شکستیهێنا، بەڵام پرسی کۆچبەران تاکە کێشەی نێوان تورکیا و ئەوروپا نییە، بەڵکو لەبارەی چەندین دۆسییەی دیکەوە ناکۆکن، لەوانەش دیارییکردنی سنورە ئاوییەکانی نێوانیان و مافی سود وەرگرتن لە سامانە سروشتییەکانی دەریای سپی ناوەراست.

بریاریشە ئەمڕۆ پێنجشەممە بۆریل سەردانی قوبرس بکات و لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی یۆنان لەبارەی دۆسیەی کۆچبەران و داهاتوی رێککەوتننامەی نێوان بڕۆکسڵ و ئەنقەرە کە ساڵی 2016 لەبارەی پرسی کۆچبەرانی نێوانیان گرێدرابو گفتوگۆبكات.

28ی شوباتی ئەمساڵ، رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆک کۆماری تورکیا بریاریدا بە کردنەوەی سنورەکانی لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا، بەوەش شەپۆلێکی کۆچبەران لە رێگەی سنورەکانی نێوان تورکیا و یۆنان خۆیان گەیاندە وڵاتانی ئەوروپا.

ئەمە لەکاتێکدابو تورکیا لەساڵی 2016 دا، رێککەوتننامەی لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا واژۆکردوە، کە بەپێی رێککەوتننامەکە تورکیا پابەندە بە رێگرییکرن لەو پەنابەرانەی کە دەیانەوێت بپەڕنەوە بۆ سنوری ئەوروپا.









خەندان -
Top