ئەمریکا سزا بەسەر کاپتنی ئەو کەشتیانە دەسەپێنێت کە نەوتیان بۆ ڤەنزوێلا گواستەوە
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رایدەگەیەنێت، وڵاتەكەی سزا بەسەر ئەو پێنج کاپتنەدا دەسەپێنێت کە نەوتیان لە ئێرانەوە بۆ ڤەنزوێلا گواستەوە. پشتگیری وڵاتەکەشی بۆ خوان گوایدۆ، سەرۆکی پارتی ئۆپۆزسیۆنی ڤەنزوێلا دوپاتکردەوە.
پێشتر واشنتن هۆشداری داوەتە کاپتنی ئەو کەشتیانەی کە بەنزین و جۆرەکانی دیکەی سوتەمەنی بە ڤەنزوێلا دەگوازنەوە
مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەمیانی لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پێشتر واشنتن هۆشداری داوەتە کاپتنی ئەو کەشتیانەی کە بەنزین و جۆرەکانی دیکەی سوتەمەنی بە ڤەنزوێلا دەگوازنەوە، بەڵام ئەو هۆشداریانەیان پشتوگوێخستوە.
ئەمریكا سزا بەسەر پێنج کاپتنەکەی کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی ئێران دەسەپێنێت
ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی گەیاندنی سوتەمەنی بۆ ڤەنزوێلا، ئەمریكا سزا بەسەر پێنج کاپتنەکەی کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی ئێران دەسەپێنێت، بەو هۆیەشەوە کێشە بۆ پشەکان و چارەنوسیان دروست دەبێت.
پۆمپیۆ وتیشی، بەردەوامدەبن لە پشتگیریکردنی خوان گوایدۆ، سەرۆکی پارتی ئۆپۆزسیۆنی ڤەنزوێلا و گەلی ئەو وڵاتە، تا بتوانن جارێکی دیکە دیموکراتی لەوڵاتەکەدا بنیادبنێنەوە.
مانگی رابردو ئێران پێنج کەشتی نەوتهەڵگری رەوانەی ڤەنزوێلا کرد بەمەبەستی هاوکاریکردنی ئەو وڵاتە کە بەهۆی کەمی سوتەمەنی و لەکارکەوتنی پاڵاوتگە نەوتییەکان لە قەیراندان، ئامادەیی وڵاتەکەشیان بۆ بەردەوامیدان بەو پڕۆسەیە دەربڕی ئەگەر هاتو ڤەنزوێلا داوایان لێبکات.
خەندان
