پەرلەمانی عەرەبی داوای ستراتیژێكی یەكگرتوو لە دژی هێرشەكانی توركیا و ئێران دەكات
كۆبوونەوەكە بە سەرپەرشتیی د. مەشعەل ئەلسولمی سەرۆكی پەرلەمانی عەرەبی رەزامەندی دا لەسەر ستراتیژێكی عەرەبی یەكگرتوو بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ هەریەك لە ئێران و توركیا.
لە ستراتیژەكەدا سێ خاڵ هاتوون، لە یەكەمیاندا باس لە بنەما و ئامانجەكان كراوە، لە خاڵی دووەم باس لە سەرچاوەكانی هەڕەشە و چۆنیەتی رووبەڕووبوونەوەیان و ڕێوشوێنی راگرتنی هەڕەشەكان كراوە، خاڵی كۆتاییش بریتیە لە ئامرازەكانی جێبەجێكردنی ستراتیژەكە.
لە ستراتیژەكەدا ئاماژە بەوەش كراوە كە دەبێ ئێران هەموو دەستێوەردانەكانی لە كاروباری وڵاتانی عەرەبی رابگرێ، چیتر میلیشیای چەكداری بۆ ئەم وڵاتانە دروست نەكات.
لەبارەی توركیاشەوە، ستراتیژەكە دژی ئارەزووی فرەوانخوازی توركیا وەستاوەتەوە لەسەر حیسابی خاكی وڵاتانی عەرەبی، هەروەها هێرشەكانی ئەم دواییەی توركیای بۆ سەر عێراق و پێشێلكردنی بەردەوامی سەروەری و سنوورەكانی خاكی عێراقی لەلایەن توركیاوە سەركۆنە كردووە، دووپاتیشی كردووەتەوە كە دەبێ توركیا دەست لە كاروباری سووریا و لیبیاش بكێشێتەوە.
باسنيوز
